بارهەڵگرەکانی تورکیا لە رەبیعەوە گەیشتنە عێراق؛ بەغدا رێگەی سووریا دەکاتە جێگرەوەی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار ، یەکەم کاروانی ترانزێتی نێودەوڵەتی لە تورکیاوە لە رێگەی سووریاوە گەیشتە عێراق. لە کاتێکدا بەغدا ئەمە بە سەرکەوتنێکی ئابووری دادەنێت، هەوڵدەدات دەروازەی رەبیعە بکاتە جێگرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا. پەرلەمانتارێکی کورد هۆشداری دەدات کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە "لاواز و پەکخستنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل"ـە لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی بارهەڵگری تورکی گەیشتە دەروازەی سنووریی رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا کە لە دەروازەی گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هاتبوون. ئەمە وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە جووڵەی بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لێکدەدرێتەوە.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، دیمەنی ڤیدیۆیی خۆی لە دەروازەکە و لای بارهەڵگرە تورکییەکان بڵاوکردەوە و باس لەوەدەکات ئەم هەنگاوە بۆ بەرنامەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەروازەی رەبیعە دەستپێکردنی گواستنەوەی کاڵای بە شێوەی ترانزێت بەخۆیەوە بینی. ئەمە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی عێراقە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەمەجۆرکردنی ئابووری."
وائیلی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە داهاتوودا ئەم رێگەیە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە "رێگەی گەشەپێدان" و عێراق دەکاتە ناوەندێکی لۆجستیی جیهانی.
سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026 بە رووداوی گوت: "دوو مانگ لەمەوبەر، عومەر وائیلی پێیراگەیاندووم کە تورکیا خۆی داوای کردووە دەروازەی رەبیعە بکرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین جووڵەی بازرگانی بخرێتە سەر ئەو رێگەیە."
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە ئەم کارە "لاوازکردن و پەکخستنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل"ـە لە پارێزگای دهۆک.
سروە محەممەد، هۆشداریی دا کە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت و گوتی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات لەگەڵ بەغدا بکەوێتە گفتوگۆ بۆ پاراستنی ئەو بازرگانییەی کە ماوە لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا و گومرگەکان رێکبکەون."
هاوکات، دەستەی گشتیی بەندەرە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا رایگەیاند، کاراکردنەوەی ئەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە، سووریا وەک ناوەندێکی لۆجستی دەگەڕێنێتەوە سەر نەخشەی بازرگانی.
بەپێی راگەیێندراوی لایەنی سووری، ئەوان ئاسانکاریی زۆری گومرگییان کردووە بۆ ئەوەی بارهەڵگرەکان بەبێ بەربەست لە تورکیاوە بەرەو عێراق تێپەڕن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکانی ساڵانی رابردووی وڵاتەکەیان.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی نیسانی 2026، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم دەروازەیە دەبێتە "بژارەیەکی جێگرەوە" بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەناردە و هاوردە لەگەڵ تورکیا.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردنی عێراق بۆ خاکی سووریا بە مەبەستی گەیشتن بە تورکیا، پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
سامر قاسم داود، گوتی: "ئەگەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی بکرێن و بە سیستمی ئاسیکۆدا (ASYCUDA) ببەسترێنەوە، ئەو کاتە پێویستمان بەوە نابێت لە رێگەی سووریاوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەین."
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە. فەواز مەشعان، بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە، رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاماژەی بە گرنگیی جوگرافیی دەروازە سنوورییەکە کرد بۆ بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق کردبوو و و گوتبووی، "مەودای نێوان دەروازەی نوسەیبینی سەر سنووری تورکیا و سووریا تاوەکو نەینەوا لە رێگەی رەبیعەوە تەنیا 180 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا ئەو رێگەیەی ئێستا بەکاردێت (ئیبراهیم خەلیل) نزیکەی 300 کیلۆمەترە."