عومەر وائیلی بۆ رووداو: هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمەکانی بەستنەوەی دەروازەکان رێککەوتوون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەیەک چاو مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دەوازە سنوورییەکان، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکەن، دەشڵێت، گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمەکانی بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان رێککەوتوون. 
 
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەروازەی رەبیعە دەبێتە جێگرەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستان؟ ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بە یەک چاو مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان دەکەین، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە و هیچ ئاراستە و بیرکردنەوەیەکی دیکەمان نییە، سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی نوێ لەگەڵ سووریا، ئەوە لەسەر بنەمای پێویستیی پارێزگاکان بۆ ئەو دەروازانە کراونەتەوە." 
 
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، عومەر وائیلی، گوتی "رێککەوتن لەنێوان گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمەکانی بەستنەوە کراوە و بابەتەکە ئێستا لەلایەن لیژنە تەکنیکییەکانی هەردوو دەستەوە کاری لەسەر دەکرێت". 
 
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی بارهەڵگری تورکی گەیشتە دەروازەی سنووریی رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا کە لە دەروازەی گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هاتبوون. ئەمە وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە جووڵەی بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لێکدەدرێتەوە.
 
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، دیمەنی ڤیدیۆیی خۆی لە دەروازەکە و لای بارهەڵگرە تورکییەکان بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات ئەم هەنگاوە بۆ بەرنامەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەروازەی رەبیعە دەستپێکردنی گواستنەوەی کاڵای بە شێوەی ترانزێت بەخۆیەوە بینی. ئەمە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی عێراقە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەمەجۆرکردنی ئابووری."
 
وائیلی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە داهاتوودا ئەم رێگەیە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە "رێگەی گەشەپێدان" و عێراق دەکاتە ناوەندێکی لۆجستیی جیهانی.
 
سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026 بە رووداوی گوت: "ئەم کارە لاوازکردن و پەکخستنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل"ـە لە پارێزگای دهۆک. 
 
سروە محەممەد، هۆشداریی دا کە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت و گوتی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات لەگەڵ بەغدا بکەوێتە گفتوگۆ بۆ پاراستنی ئەو بازرگانییەی کە ماوە لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا و گومرگەکان رێکبکەون."
 
هاوکات، دەستەی گشتیی بەندەرە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا رایگەیاند، کاراکردنەوەی ئەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە، سووریا وەک ناوەندێکی لۆجستی دەگەڕێنێتەوە سەر نەخشەی بازرگانی. 
 
بەپێی راگەیێندراوی لایەنی سووری، ئەوان ئاسانکاریی زۆری گومرگییان کردووە بۆ ئەوەی بارهەڵگرەکان بەبێ بەربەست لە تورکیاوە بەرەو عێراق تێپەڕن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکانی ساڵانی رابردووی وڵاتەکەیان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ی نیسانی 2026، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم دەروازەیە دەبێتە "بژارەیەکی جێگرەوە" بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەناردە و هاوردە لەگەڵ تورکیا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردنی عێراق بۆ خاکی سووریا بە مەبەستی گەیشتن بە تورکیا، پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
 
سامر قاسم داود، گوتی: "ئەگەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی بکرێن و بە سیستمی ئاسیکۆدا (ASYCUDA) ببەسترێنەوە، ئەو کاتە پێویستمان بەوە نابێت لە رێگەی سووریاوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەین."