دوای 18 ساڵ؛ زاواکەی سەدام حوسێن ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
زاوایەکی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق، کە 18 ساڵ بوو لە زیندان بوو، دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، ئازادکرا.
جەمال مستەفا عەبدوڵڵا، هاوژینی حەلا کچە بچووکەکەی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لەلایەن ئەمریکاوە ناوی خرایە لیستێکی داواکراوانەوە کە 52 کەس پێکهاتبوو، زاواکەی سەددام لە 20 نیسانی هەمان ساڵدا دەستگیرکرا.
بەر لە رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، جەمال مستەفا، جێگری بەرپرسی دۆسیەی هۆزەکانی عێراق بوو.
چەند سەرچاوەیەکی سەر بە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایانکرد، جەمال مستەفا لەدوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، کە 18 ساڵ بەندکردن بووە، ئازادکرا.
جەمال مستەفا، عەقید لە سوپای پێشووی هەڵوەشێندراوەی عێراق لە 4ی ئایاری ساڵی 1955 لە تکریتی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین لەدایکبووە.
لە ساڵی 2017دا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەکی دەرکرد و تێیدا بڕیاری دەستگرتنی بەسەر سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی سەدام حوسێن، هاوژین، منداڵ، نەوە و خزمانی پلە دووی دەرکرد، لەنێوانیاندا سامانی جەمال مستەفا.