عێراق شوێنەوارێک لە ئیتاڵیا وەردەگرێتەوە کە مێژووەکەی بۆ 2800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە، عێراق شوێنەوارێکی دوو هەزار و 800 ساڵ لەمەوبەری خستەڕوو، کە لە لایەن ئیتاڵیاوە بۆی گەڕێندراوەتەوە، لە کاتێکدا کە عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی لە کاتی جەنگ و نائارامیدا لێی بە تاڵان براون.
 
شوێنەوارەکە پارچە بەردێکە بە نووسینی بزماری، واتە ئەلفوبێی بابلییەکان، لەسەری نووسراوە و نیشانەی شەلمەنسەری سێیەم، پاشای ئاشوورییەکانی لەسەرە، کە لە نێوان ساڵانی 858 بۆ 823ی پێش زایینی، فەرمانڕەوایی ناوچەی نەمروودی کردووە.
 
روون نییە شوێنەوارەکە چۆن گەیشتووەتە ئیتاڵیا، بەڵام لە کاتی سەردانی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ بۆلۆنیا، بەرپرسانی ئیتاڵی تابلۆکەیان پێداوە.
 
سەرۆککۆماری عێراق رۆژی یەکشەممە لە رێوڕەسمێکدا لە بەغدا لە کاتی رادەستکردنەوەی شوێنەوارەکەی بە مۆزەخانەی نیشتمانی، گوتی: "دەمەوێت سوپاسی بەرپرسانی ئیتاڵی بکەم لە بەرامبەر هەوڵ و هاوئاهەنگییان بۆ گەڕاندنەوەی ئەم پارچە شوێنەوارە."
 
شوێنەوارەکە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو گەیشتبووە ئیتاڵیا و لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەردا گیرا بوو، ئەمە وەک لەیس مەجید حوسەین، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی شوێنەوار و ئەنتیکەکانی بەغدا باسی کرد.
  
ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیریی عێراق گوتی، روون نییە چۆن دۆزراوەتەوە. وەزیرەکە دەڵێت: "رەنگە لە کاتی هەڵکەندنی شوێنەوارەکان یان لە کاتی کارکردن لەسەر بەنداوی موسڵ دۆزرابێتەوە" کە بەنداوەکە گەورەترینی عێراقە و لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو دروستکراوە. 
 
عێراقی ئێستا لانکەی شارستانیەتی سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاشوورییەکان بوو، کە نووسین و شاریان بۆ مرۆڤایەتی داهێنان.
 
دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003ـەوە، شوێنەوارەکانی عێراق بوونەتە ئامانجی بەتاڵانبردن و بەقاچاخبردن.
 
سەرۆککۆماری عێراق لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە بەردەوامدەبین لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی هەموو پارچە شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق لە دەرەوە. دەمانەوێت مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق بکەینە یەکێک لە باشترین مۆزەخانەکانی جیهان، لەو پێناوەشدا کاردەکەین."
 
مانگی ئایار، ئەلڤین براگ، داواکاری گشتیی نیویۆرک رایگەیاند، دوو پەیکەری دێرینیان داوەتەوە بە عێراق، یەکێکیان پەیکەری فیلێکی میزۆپۆتامیا کە لە کلس دروستکرابوو، ئەوەی دیکەیان پەیگەری گایێکی سۆمەری بوو کە لە مەڕمەڕ دروستکرابوو.
 
دوو پەیکەرەکە لە کاتی جەنگی کەنداو دزرابون و لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بە قاچاخ بردرابوونە نیویۆرک، ئەمە بە گوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتیی شارەکە.