شێوازی بانگکردنى جووتیارێک لە کەرکووک کێشە بۆ وەزیرى بازرگانی دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بانگکردنى جووتیارێک لەلایەن وەزیرى بازرگانیى عێراقەوە کێشەى بۆ دەنێتەوە و لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتەکەی دەڵێت، قسەکان بڕدراون و مەبەست لە شێوازى بانگکردنى جووتیارەکە چارەسەرى کێشەکەى بووە نەک بێڕێزیکردن بەرامبەرى.
18ى حوزەیرانى 2023 وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە روونکردنەوەیەدا ئاماژەى بەوە داوە کە هەندێک لە کەناڵەکانى راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارچەیەک ڤیدیۆى "بڕدراوى" دادود غرێرى، وەزیرى بازرگانی-یان بڵاوکردووەتەوە کاتێک لەگەڵ یەکێک لە جووتیارانى کەرکووک قسەى کردووە.
17ى حوزەیران وەزیرى بازرگانیى عێراق سەردانى سایلۆى کەرکووکى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى پرۆسەى وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى سنوورى ئەو پارێزگایە و لەکاتى قسەکردن بۆ جووتیاران، بانگى یەکێک لە جووتیارەکان دەکات کە مامەڵەیەکى بەدەستەوەیە و دەنگ بەرز دەکاتەوە.
دادود غرێرى بە جووتیارەکە دەڵێت، "چیت دەوێت؟ عەیبە، وەرە بۆلام."
وەزارەتى بازرگانى ئاماژەى بەوە داوە کە مەبەستى دادود غرێرى لەو بانگکردنە چارەسەرى کێشەى جووتیارەکە بووە نەک بێڕێزیکردن بەرامبەرى و چەندجار بڵاوکردنەوەى ئەو ڤیدیۆیە بۆ چەواشەکردنى راى گشتییە.
مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە تویتێکدا دەڵێت، "داوا دەکەم لێپرسینەوە لە وەزیرى بازرگانى بکرێت، بەهۆى ئەو مامەڵەیەى لەگەڵ کەسێکى بەتەمەندا کردوویەتى."