دانیشتنی سبەی دادگەی فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر مووچەی هەرێمی کوردستان یەکلایی نەبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە ئەندامانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە دادگە لەسەر دەرکردنی فەرمانسالاری تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەکی دیکەش لە دادگەکە باس لە لاوازیی ئەگەری بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دەکات.
ئەو ئەندامەی دادگەی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، ئامادەکاری و نووسراو بۆ ئەو مەبەستە تەواوکراوە و بە سەرجەم ئەندامانی دادگەکە گوتراوە سبەی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبن.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی دادگە: "هیوایەکی زۆر هەیە فەرمانسالاری دەربکرێت تاوەکو بتوانرێت بەزوویی دەست بە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێت."
هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی دیکە لە دادگەکە بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا تەنیا یەک دادوەر ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی سبەی بەشداری لە دانیشتندا بکات، واتە هێشتا ئاماژەیەکی دڵنیاییکەرەوە نییە بۆ بەشداریکردنی دادوەرانی دیکە لە دانیشتنەکەی سبەی."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئەگەری بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە لاوازە و رەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
دوێنێ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەی لە ماڵپەری خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ کارنامەکەی لە ماڵپەڕەکەی سڕیەوە.
لە یاسای دادبینی شارستانی لە مادەکانی 151 و 152 باسی فەرمانسالاری کراوە کە فەرمانێکی کاتییە و لە دۆخێکی بەپەلەدا دەردەکرێت، پێویست دەکات ئەم فەرمانسالارییە بە هێزی یاسا بەپەلە جێبەجێبکرێت.