وەزارەتى ناوخۆى عێراق خوێندنى کارمەندانى لە دەرەوەى وڵات راگرت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق مامەڵەى خوێندنى کارمەندانى بۆ دەرەوەى وڵات راگرت، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیش دەڵێت هۆکارەکەى نەبوونى بودجە و کەمیی کارمەند بووە.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، کە لە 12ى تەممووز نێردراوە بۆ فەرمانگەکانی ئەو وەزارەتە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندى لەسەر داوایەکى دەزگاى هەواڵگرى دەربڕیوە بۆ راگرتنى مامەڵەى داواکارییەکان بۆ خوێندن لەدەرەوە وڵات.
بەگوێرەى نووسراوەکە، وەزیرى ناوخۆ بڕیاریداوە بە راگرتنى سەرجەم مامەڵەکانى خوێندن لە دەرەوەی وڵات.
رۆژی 18ى تەممووز سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "راگرتنى خوێندنى کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ لە دەرەوە، بەهۆى کەمیی کارمەند و نەبوونى بودجەى ئەو وەزارەتەوە بووە، ئەوە جگە لەوەى ژمارەیەک لەو کەسانەى بۆ خوێندن چوونەتە دەرەوە نەگەڕاونەتەوە".
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق، نزیکەى 100 هەزار عێراقى لە زانکۆکانى دەرەوە دەخوێنن.