چوار لیست بە 43 بەربژێرەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، داوای گۆڕینی 14 بەربژێر لە لیستەکانیان دەکات، بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە و رێژەی یاساییی ئەو بڕوانامەیە لە لیستەکەیان زیاترە لە رێژەی دیاریکراو، هەروەها چوار لیست بە 43 بەربژێرەکەیانەوە لە هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە.
ئەو بڕیارانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رۆژی پێنجشەممە، 17ی تەممووزی 2025 بڵاوکرانەوە، کە سەرجەمیان لە 16ی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دەرکراون.
بڕیارەکان لە قۆناخی وردبینیی کۆمیسیۆن بووە لە لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێستا ناوی بەربژێران نێردراون بۆ 13 دامەزراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان.
14 خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی دووردەخرێنەوە
هەندێک لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران پەیوەندیدار بوون بە گۆڕینى ئەو بەربژێرانەى بڕوانامەى سەرەتاییان هەیە و لە نێو لیستى پارت یان هاوپەیمانێتیەکانیان رێژەى یاسایی ئەو بڕوانامانەیان تێپەڕاندووە کە تێکڕا 14 بەربژێر بوون و کۆمیسیۆن داواى گۆڕینیانى کردووە بۆ هەڵگڕى بڕوانامەى بەرزتر.
بەربژێرێکی هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی لە پارێزگای واست کە بڕوانامەى سەرەتایی هەبووە گۆڕدراوە بە بەربژێرێکى دیکەى خاوەن بڕوانامەى بەکالۆریۆس، لە پارێزگای نەینەوا چوار بەربژێری هاوپەیمانیی نەینەوا- لیئەهلیها کە بڕوانامەی سەرەتاییان هەبووە، گۆڕدراون بە بەربژێری دیکە لە هەمان هاوپەیمانیی کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە. لە هەمان پارێزگاش داوای گۆڕینی بەربژێرێکی دیکە کراوە کە سەر بە لیستی حەدبایە، بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی سەرەتایی هەیە.
بەگوێرەی بڕیارێکی دیکە، 7 بەربژێری پارتی عیمران کە بڕوانامەی سەرەتاییان هەبووە، گۆڕدراون بە بەربژێری دیکە کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، ئەوەش بۆ پابەندبوون بە رێژەی 20%ـی خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی لە لیستەکاندا.
لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا هاتووە کە تەنیا رێگە بە 20%ی بەربژێرانی لیستەکان دەدرێت هەڵگری بڕوانامەی سەرەتایی بن و دەبێت ئەوانی دیکە بڕوانامەکانیان بەکالۆریۆس و دیبلۆم و بەرەو سەرەوە بن.
موهەنەد سەراج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بەربژێرانەی بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە و داواکراوە بگۆڕدرێن، ئەگەر لیست و پارتەکەیان لەو سێ رۆژەی بۆیان دیاریکراوە نەیانگۆڕێت، ناوەکانیان لە لیستەکەدا دەسڕدرێتەوە."
43 بەربژێر و چوار لیست ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی 14 بەربژێری لیستی پارتی قودرە لە هەڵبژاردن لە سنووری بازنەی بەغدا. بەگوێرەی بڕیارەکە، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە ئەوەیە کە پارتەکەیان (قودرە) ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و ناوی لە کاخەزى بەرایی دەنگدان لەو پارێزگایە سڕاوەتەوە.
لە بڕیارێکی دیکەدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران 10 بەربژێری لیستی پارتی تەعاهودی وەتەنی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین دوورخستووەتەوە، بەهۆی تەواونەکردنی بەڵگەنامە پێویستەکانی بەربژێربوونی لیستەکەیان.
هەمان بڕیار بەرامبەر بە 10 بەربژێری هاوپەیمانیی بەدیل لە پارێزگای مەیسان گیراوەتەبەر، کە بەڵگەنامە فەرمییەکانی بەربژێربوونیان کێشەی تێدابووە و بڕیاردراوە لیستەکەشیان لە بەشداری لە هەڵبژاردن بێبەش بکرێت.
کۆمیسیۆن 9 بەربژێری دیکەی لیستی روئیای نیشتمانیی عەشایەریی عێراقی لە سنووری نەینەوا دوورخستووەتەوە، بەهۆیەوەی کە قەوارەکە مەرجی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن نییە و ناتوانێت بەشداری بکات.