کۆمیسیۆن دوو لیستی کوردستانی لە هەڵبژاردن دووردەخاتەوە؛ سێ رۆژ دەرفەت دەداتە دوو لیستى دیکە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆن دوو لیستی کوردستانیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دووردەخاتەوە، داوا لە دوو لیستی دیکە دەکات، ئەگەر گۆڕانکاریی لە بەربژێرێکیاندا نەکەن، لە هەڵبژاردن بێبەش دەکرێن.
 
ئەو بڕیارانەی کۆمیسیۆن لە رۆژانی 15 و 16ی تەممووزی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە دەرکراون، وەک رێکاری یاسایی قۆناخی وردبینیی لە بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان دەکشێتەوە
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە 15ی تەممووز بڕیاری دوورخستنەوەی هەر چوار بەربژێرەکەی لیستی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستانی دەرکردووە، بە پاساوی ئەوەی کە واژۆیان لەسەر فۆڕمی بەربژێربوون نەکردووە و بەڵگەنامە فەرمی و پێویستەکانیان پێشکێش نەکردووە و بەهۆیەوە ئەو لیستە لە پرۆسەی دەنگدان دەسڕدرێتەوە.
 
گۆران نووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، کە یەکێکە لەو چوار بەربژێرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی نەمانتوانی پارەی پێویست بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بدەین، ئەو بڕیارە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دراوە. کە پێویست بوو 25 ملیۆن دینار وەک سپاردە دابنێین و 12 ملیۆن دینار بدەینە کۆمیسیۆن و پێنج ملیۆن دیناری دیکەش رادەستی دەستەی سکاڵاکاری بکەین."
 
ئەو بزووتنەوەیە پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان جیابووەتەوە و یەکەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات.
 
گۆران نووری گوتی، "لیستەکەمان بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بە فەرمی ئەوە رادەگەیێنین."
 
رەوتی هەڵوێست دوو بەربژێری گۆڕیوە
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران رەزامەندیی داوە لەسەر داواکارییەکی رەوتی هەڵوێست بۆ گۆڕینی دوو بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
یەکێک لەو بەربژێرانەی کە گۆڕدراوە، لوقمان حوسێن بووە و گۆڕدراوە بە بەربژێرێکی ژن ئەوەی رێژەی 25%ی ژنان لە لیستەکەدا تەواو ببێت.
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەبێت 25%ی بەربژێری لیستەکان بۆ هەڵبژاردن ژن بن.
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیارێکی دیکەی پەسند کردووە کە لەسەر داواکاریی رەوتی هەڵوێست بووە بۆ گۆڕینی مەروان خورشید محەممەد عوسمان بە بەربژێرێکی دیکە، بەهۆی تێپەڕاندنی رێژەی 20%ی خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی لە بەربژێرەکانیان.
 
لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا هاتووە کە تەنیا رێگە بە 20%ی بەربژێرانی لیستەکان دەدرێت هەڵگری بڕوانامەی سەرەتایی بن و دەبێت ئەوانی دیکە بڕوانامەکانیان بەکالۆریۆس و دیبلۆم و بەرەو سەرەوە بن.
 
کۆمیسیۆن بۆ بەرەی تورکمانی: بەربژێرێکتان بگۆڕن
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داوای لە بەرەی تورکمانی کردووە یەکێک لە بەربژێرە پیاوەکانی لە سنووری هەولێر بگۆڕێت بە بەربژێرێکی ژن، بۆ تەواوکردنی رێژەی 25%ی ژن لە لیستەکەیدا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، سێ رۆژ دیاریکراوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە، ئەگەرنا لیستەکەیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بێبەش دەکرێت.
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیارێکی دیکەی لەبارەی لیستی بەرەی تورکمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەرکردووە، بە پەسندکردنی گۆڕینی لوئەی ئەمین سەعید، کە هەڵگری بڕوانامەی سەرەتاییە، بە عەبدوڵڵا جەودەت، کە بڕوانامەکەی بەکالۆریۆسە، ئەوەش بۆ رێگری لە تێپەڕاندنی رێژەی 20%ی خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی لەو لیستەیان.
 
کۆمیسیۆن بۆ کۆمەڵی دادگەری: لیستی بەربژێرانتان کێشەی تێدایە
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران بە بڕیارێک داوای لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کردووە یەکێک لە بەربژێرە پیاوەکانی لە سنووری هەولێر بگۆڕێت بە بەربژێرێکی ژن، کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت.
 
پاساوی ئەو ئەنجوومەنە بۆ ئەو بڕیارە، وەک لە نووسراوێکى فەرمیدا هاتووە، "رێژەی نوێنەرایەتیی ژن لە لیستەکەیاندا بەرجەستە نەبووە و دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو گۆڕانکارییە بکرێت، ئەگەر نا لیستەکەتان لە سنووری هەولێر لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە."
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێوشوێنمان بۆ ئەو مەبەستە گرتووەتەبەر و ناوى بەربژیرێکمان  زیاد کردووە."
 
سۆسیالیست دووردەخرێتەوە
 
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە لە 16ی تەممووز دەرکراوە، چوار بەربژێری لیستی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان لە سنووری نەینەوا دوورخراونەتەوە.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو دوورخستنەوەیە بەهۆی ئەوە بووە کە رەزامەندی نەدراوە بە بەشداریکردنی ئەو پارتە کوردستانییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری نەینەوا، بەهۆی دەستەبەرنەکردنی مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن.
 
موهەنەد سەراج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو پارتە یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن جێبەجێ نەکردووە، بۆیە ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و بەوهۆیەشەوە بەربژێرەکانیشی دووردەخرێنەوە."