گوتەبێژی سوودانی: ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکانی سەر رادارەکانمان دۆزینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەی ئەمنی لەبارەی بەئامانجگرتنی رادار و بنکە سەربازییەکانی راگەیاند و دەڵێت، درۆنەکان لەنێو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون و بکەرەکان ئاشکرا کراون.
 
هێرشەکان رۆژی 24ی مانگی رابردوو کرانە سەر 5 شوێنی سەربازی لە بەغدا، سەلاحەدین، ئەنبار و ناسرییە.
 
لە راگەیێندراوێکدا سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی، "لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە تایبەت بە بەئامانجگرتنی رادارە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە پێکهێندرا، دوای هەوڵێکی ئەمنی و هەواڵگریی ورد، لیژنەکە گەیشتە چەند ئەنجامێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە."
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، دیارترین ئەنجامەکانی لیژنە لێکۆڵینەوەکە ئەمانەن:
 
- دیاریکردنی شوێنی دروستکردنی ئەو درۆنانەی هێرشەکەیان پێکراوە، کە دەرکەوتووە هەڵگری تەقەمەنی بوون بە کێشی جیاواز و لە دەرەوەی عێراق دروستکرابوون.
 
- شوێنی هەڵدانی درۆنەکان بە وردی ئاشکرا کراوە و دەرکەوتووە کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون.
 
- ئەو لایەنانە ئاشکرا کراون کە دەستیان لە جێبەجێکردن و هاوئاهەنگیکردن لەو ئۆپەراسیۆنە دووژمنکارییانەدا هەبووە.
 
- لێکۆڵینەوەی تەکنیکی گشتگیر کراوە لەو سیستم و پەیوەندییانەی لە ئاراستەکردنی درۆنەکاندا بەکارهێندراون.
 
- لیژنەی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون لە یەک جۆرن، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەنجامدەرەکە یەک لایەنە.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، "سەرکردایەتی ئەمنی و سەربازی چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەک ناکات کە ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکانمان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامانج. رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەو هێرشانەدا تێوەگلاون و راپێچی دادگە دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزاکانیان وەربگرن."
 
گوتەبێژەکەی سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەم هێرشە ترسنۆکانە و شەڕەنگێزانە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری نیشتمانین و رێگە بە هیچ لایەنێکی نێوخۆیی و دەرەکی نادرێت ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات."
 
ئەو رادارانەی کە لە هێرشەکەی مانگی رابردوودا بە ئامانج گیران، لە بنکەی تاجی بەغدا و سەربازگەی ئیمام عەلی لە ناسرییە بوون.
 
سەربازگەى تاجى دەکەوێتە سنوورى بەغدا و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە، سیستمی راداری ئەمریکی تێدایە و سەر بە سوپاى عێراقە. بنکەی ئیمام عەلیش کە دەکەوێتە شاری ناسرییە، راداری ئەمریکی لە جۆری AN/TPS-77ـی تێدایە و ئەویش سەر بە سوپایە.