تاوانەکانى حیزبى بەعس دەخرێنە نێو پڕۆگرامی خوێندنى زانکۆکانى عێراقەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق بڕیاریدا وانەى تایبەت بە تاوانەکانى حیزبى بەعس لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا بخوێندرێت. ئەندامێکى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "بڕیارەکە لە هەرێمى کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت". گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وانەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی سەدامەوە لە زانکۆکاندا دەخوێندرێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق کە ئاراستەی سەرجەم زانکۆکانی عێراق کراوە، پێویستە وانەیەک بەناوی "تاوانەکانى حیزبى بەعسى لەناوچوو" لە سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتییەکان بخوێندرێت.
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەو وانەیە لەلایەن وانەبێژانى زانکۆى خاوەنى بڕوانامەکانى یاسا، زانستى سیاسى، زانستە ئیسلامیەکان، زانستى دەروونناسى، زانستى کۆمەڵایەتیەوە دەگوترێتەوە.
18ی ئابی 2023 شوان محەممەد، ئەندامى لیژنەى شەهیدان، قوربانیان و زیندانیان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بڕیارە لە دواى مشتومڕێک دەرچووە لەنێوان لیژنەکەیان، دەزگاى شەهیدانى عێراق و وەزارەتى خوێندنى باڵا و تەنانەت لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستانیش.
شوان محەممەد گوتیشى، "ئەو وانەیە لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستانیش دەخوێندرێت، بەڵام وردەکارییەکەى دەکەوێتە سەر پەیوەندى و رێککەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق یان وەزارەتى خوێندنی باڵاى هەردوولا لەسەر وردەکارییەکەی و نێوەڕۆکەکەى".
حیزبی بەعس لە ساڵى 1968 دەسەڵاتى لە عێراق گرتە دەست و لە ساڵى 2003 هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەى هێنا.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمى کوردستان رۆژی 18-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە زانکۆ حکومى و تایبەتییەکانی هەرێمى کوردستاندا وانەى جینۆسایدى گەلی کوردستان لە لایەن حیزبى بەعسەوە دەخوێندرێت، بەڵام ئاگادارى ئەو نووسراوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق نین.