لەسەر "هاندانى خۆکوشتن" لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا لە دژى هەرێمى کوردستان تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سکاڵایەک لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تۆماردەکرێت لەدژى هەموارێکى یاساى سزادانى عێراقى لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە، کە تایبەتە بە تاوانى هاندانى خۆکوشتن. راوێژکارێکى یاسایی پەرلەمانى کوردستان دەڵێت: "ئەو سکاڵایە دەبەینەوە، لەبەر ئەوەى هەموارەکە بەر لە پەسندکردنى دەستوور دەرکراوە".
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، 3ى ئەیلوولى 2023، تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە کەسێک بە ناوى شاخەوان لوقمان لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆماریکردووە و تێیدا داوا دەکات یاساى هەموارى ژمارە 42ى ساڵى 2004 ى پەرلەمان بە نادەستوورى بزانرێت.
بەگوێرەى ئەو هەموارە بڕگەى یەکى مادەى 408ى یاسای سزادانى عێراقى هەموار کراوەتەوە، بەشێوەیەک کە کەسێک هانى کەسێکى دیکە بدات بۆ خۆکوشتن یان یارمەتی بدات یان بووبێتە هۆکارى خۆکوشتنى، سزاکەى دەگاتە حەوت ساڵ بەندکردن و لەو هەموارەدا تاوانى هۆکارى خۆکوشتن زیادکراوە.
وریا سەعدى, راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو سکاڵایە دەبەینەوە، لەبەر ئەوەى هەموارەکە بەر لە پەسندکردنى دەستوور بووە و سزاکەمان تووندتر کردووە".
وریا سەعدى گوتیشى بەگوێرەى دەستوور ئەو هەموارکردنەى کە بەر لە پەسندکردنى دەستوور لە هەرێمى کوردستان دەرکراون کارپێکراو دەبن، بەو پێیەش ئەو هەموارەى لە یاسای سزادانى عێراقى کراوە کارایە و دژی دەستوور نییە.
بەپێی مادەى 141ى دەستوور، کارکردن بەو یاسایانە بەردەوام دەبێت کە لە ساڵى 1992 بەدواوە لە هەرێمى کوردستان دەرکراون، ئەگەر بەگوێرەى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان هەموارکرابێتنەوە و ئەو هەموارە پێچەوانە نەبن لەگەڵ دەستوور.