حکومەتی عێراق: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ناسینەوەی قوربانییانی گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتەکەی پشتیوانیی هەموو هەوڵێکی یاسایی و تەکنیکی دەکات بۆ ناسینەوەی قوربانییانی گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە لە پارێزگای نەینەوا. جەختیش دەکاتەوە کە کار بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکە دەکەن بۆ ئەوەی "جیهان بە قەبارەکەی ئاشنا بێت."
رۆژی دووشەممە، 18ی ئابی 2025 باسم عەوادی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەڵگەکان لەسەر تاوانکارییەکانی چەکدارانی داعش تەنانەت دوای چەندین ساڵ لە تێکشکانیان بەردەوام دەردەکەون، کە خراپترین لادانی فیکری و دەستدرێژیی نائاساییان بەرجەستە کرد کە ناوچەکەمان لە ماوەی سەدەکانی رابردوودا بەخۆیەوە بینیبێت."
سەبارەت بە گۆڕی بەکۆمەڵی (خەسفە) لە پارێزگای نەینەوا کە رووفاتی هەزاران عێراقی لەخۆدەگرێت لە پێکهاتە جیاوازەکان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، حکومەت "پشتیوانیی هەموو هەوڵێکی تەکنیکی و یاسایی دەکات بۆ ناسینەوەی قوربانییە بێتاوانەکان و خزمەتکردنی کەسوکاریان و دابینکردنی تەواوی مافەکانیان."
رۆژی یەکشەممە، 17-08-2025 هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی (خەفسە) لە باشووری موسڵ دەستیپێکرد. ئەم هەنگاوە سەرەتای قۆناخێکە بۆ ناسینەوەی رووفاتی هەزاران کەس کە لە ساڵی 2014 بۆ 2017 لەلایەن داعشەوە کوژران.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، رۆژی یەکشەممە 17-08-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ژمارەی شەهیدان لەم گۆڕەدا بە نزیکەی 20 هەزار کەس مەزەندە دەکرێ کە لە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانن"، لەنێویاندا زیاتر لە 2000 هاووڵاتی تەنیا لە یەک رۆژدا کوژران "کە 600 کەسیان خەڵکی ناوچەی وادی حەجەر بوون."
گۆڕی (خەفسە) چاڵێکی سرووشتیی قووڵە و دەکەوێتە سەر رێگەی موسڵ- بەغدا، بە دووریی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شار.
رێکخراوی داعش لە نزیک چاڵەکە خەڵکی بەکۆمەڵ دەکوشت و تەرمی کوژراوانی فڕێ دەدایە نێوی. دواتر رێکخراوەکە هەوڵی دا شوێنەوارەکەی بسڕێتەوە.
بڕیاری هەڵدانەوەی گۆڕەکە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان دێ کە رۆژی 8ی ئایاری رابردوو لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی دامەزراوەی شەهیدان، فەرمانگەی پزیشکیی دادی، لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ونبووان، خاچی سوور و زانکۆی موسڵ بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەبارەی سرووشتیی جیۆلۆجیی ئاڵۆزی گۆڕەکە و پلانی کارکردن خرایەڕوو کە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و بەکارهێنانی DNA بۆ بەراوردکردنی پشکنینەکان لەگەڵ سامپڵی کەسوکاری ونبووانی لەخۆدەگرت.
بە گوێرەی خەمڵاندنی سەرەتایی، هەڵدانەوەی گۆڕەکە و وەرگرتنی زانیاری تەواو لەبارەی رووفاتەکان چەندین ساڵ دەخایەنێ؛ پڕۆسەکە پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە کە دەکرێ بگاتە 40 ملیار دیناری عێراقی.