باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق: ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بە هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنە دەگۆڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ئەوەى لەگەڵ عێراق هەیە، کۆتایی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانییەکەیە بە ئاراستەی هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18ى ئابى 2025 گوتەبێژى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق، لە وەڵامى پرسیارێکى تۆڕى میدیایی رووداو لەبارەى ئەوەی رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا بۆ گۆڕینی شێوازی ئەرک و کارکردنی هاوپەیمانیی دژ بە داعشە، یان کشانەوەیانە لە عێراق؟ گوتى، "ئەمە کۆتایی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نییە، کە هەوڵەکانی لەسەر ئاستی جیهان زیاتر بە سەرکردایەتییەکی سڤیل بەردەوام دەبن."
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوونەتە عێراق.
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵى 2008 رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژییان واژۆ کرد لەبارەى گۆڕینى ئەرکى سوپاى ئەمریکا لە شەڕەوە بۆ مەشق، دواى ئەوەى لە ساڵى 2011 سوپاى ئەو وڵاتە لە عێراق کشایەوە.
 
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا  گوتى، "ئەمە گۆڕینی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانییەکەیە لە عێراق، زیاتر بە ئاراستەی هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنەی نەریتی."
 
بنکەى عەین ئەسەد لە ئەنبار، زۆرترین مەشقپێکارى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعشى تێدایە بە سەرکردایەتیى ئەمریکا.