وەزارەتی دارایی عێراق: هاک نەکراوین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق، رەتیدەکاتەوە هەوڵی هاککردنی سیستمی وەزارەتەکە درابێت و دەڵێت: "سیستەمەکەمان بەشێوەیەکی ئاسایی کار دەکات".
رۆژی دووشەممە، 18-09-2023، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەواڵەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە سیستەمی ئەلیکترۆنی وەزارەتی دارایی هەوڵی هاککردنی دراوە، دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە: "هەموو سیستەمی وەزارەتی دارایی بەشێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن و پارێزراون، بەپێی سیستمی ئەمنی نوێ ناتوانرێت هاک و دەستکاری بکرێت."
وەزارەتەکە داوا دەکات بڕوا بەو پروپاگەندانە و هەر شتێک نەکەن، کە لە دەرەوەی ماڵپەری فەرمی بڵاودەبێتەوە، یان لایەنێک بۆ شێواندنی رای گشتییە کاری لەو شێوە دەکات.
روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوەهات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە، کە هەوڵی هاککردنی سیستمی وەزارەتی دارایی عێراق دراوە و سیستمەکە هاککراوە.