بەرپرسێکی پەروەردەی سەلاحەدین 22 کارتۆن کتێبی خوێندن دەدزێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی پەروەردەی پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا کە 22 کارتۆن کتێبی خوێندنی نوێی ساڵی 2025-2026ی دزیوە و لە بازاڕی رەش فرۆشتوویەتیەوە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق، 17ی ئەیلوول لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەلاحەدینی بە ڤیدیۆ بڵاوکردەوە.
 
ئەو کەسە بەرپرسی بەش بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەلاحەدین و یەکێک لەو کەسانەی، کە کتێبەکانی لێ کڕیوەتەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە.
 
بەگوێرەی دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەو کەسە 22 کارتۆن کتێبی چاپی نوێی ساڵی خوێندنی دزیوە و لە بازاڕی رەش فرۆشتوویەتیەوە، کە هەر کارتۆنێک 75 بۆ 130 کتێبی تێدا بووە و تایبەت بوون بە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن.
 
ئەو کەسە لەکاتی وەرگرتنی بەشی یەکەمی پارەی فرۆشتنى ئەو کتێبانە دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر ئەو کتێبانەدا گیراوە، کە ویستوویەتی بیانفرۆشێت.
 
بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی دەستەکە بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لەو کتێبانەی ئەو بەرپرسە دزیویەتی، پەروەردەی رەوشت بووە.
 
دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەلاحەدین بەگوێرەی بڕگەی 11 لە مادەی 444ـی یاسای سزادانی عێراقی دراوەتە دادگە و سزاکەی دەگاتە 7 ساڵ بەندکردن.