سوودانی سەرۆکی وەقفی سوننەی لە پۆستەکەی لادا

 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی وەقفی سوننەی لە پۆستەکەی لادا و کەسێکی دیکەی بە کاتیی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە.
 
پێنجشەممە، 18ی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری داوە مەشعان خەزرەجی لە پۆستى سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە دووربخاتەوە، ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای نووسراوێک بووە کە لە کۆمەڵەی فیقهی عێراقییەوە ئاڕاستەی کراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆمەڵەی فیقهی عێراقی ناوی سێ کەسی ناردووە وەک بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی لەکارلادراوی وەقفی سوننە.
 
لە مادەی چواری یاسای وەقفی سوننەدا هاتووە، سەرۆکی دیوانەکە بە پلەی وەزیر دەبێت و  لەسەر پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیران لە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی کۆمەڵەی فیقهی عێراقی.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عامر جەنابیی راسپاردووە بۆ ئەوەی پۆستەکە بۆ ماوەی شەش مانگ بە وەکالەت بەڕێوە ببات.
 
نووسینگەی ڕۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، محەممەد شیاع سوودانی داوای لە عامر جەنابی کردووە کار لەسەر بەهێزکردنی گوتاری نەرم و دوورکەوتنەوە لە تووندڕۆیی بکات و وەقفی سوننە لە دەستوەردانی سیاسی یان هەڵبژاردن دووربخاتەوە.
 
مەشعان خەزرەجی لە کانوونی دووەمی 2022 ەوە پۆستی سەرۆکی وەقفی سوننەی وەرگرتووە، لە مانگی ئاداری 2025 بەهۆی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان رووبەڕووی رەخنەی هەندێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی سوننە بووەوە، بەوپێیەی خەزرەجی هاوتەریب لەگەڵ بڕیاری حکومەت یەکەم رۆژی جەژنی دوای 30 رۆژ لە  ڕۆژووگرتن دیاریکرد، لەکاتێکدا هەندێک لە سوننەکان دوای 29 رۆژی مانگی ڕەمەزان، جەژنیان کرد.
 
لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری، پشتبەستنی سەرۆکوەزیران بە بەربژێرانی کۆمەڵەی فیقهی عێراق بە "پێشهاتێکی گرنگ" وەسف کردووە و پێیوایە "بناخەیەکی کاری دروستە لەو جومگە گرنگە".
 
خەمیس خەنجەر نووسیویەتی: "ئەو بڕیارە واتای رێزگرتنی دەوڵەتە لە دامەزراوە ئاینییە رەواکان و رۆڵیان لە بەهێزکردنی گوتاری میانڕۆ و پاراستنی کۆمەڵگە لە تووندڕۆیى و دابەشکاری."