فەرماندەیەکی نوجەبا لەبارەی سزاکانی ئەمریکاوە: سازش ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا لەبارەی بڕیاری حکومەتی ئەمریکا بۆ بە "تیرۆریست" ناساندنی گرووپەکەیان رایگەیاندووە، "سازش ناکەین و پاشگەز نابینەوە"، دەشڵێت، بڕیارەکانی ئەمریکا "هیچ بەهایەکیان نییە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، عەبدولقادر کەربەلائی، یاریدەدەری سەربازی  بزووتنەوەی نوجەبا لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "هەرچۆنێک دەتانەوێت پۆلێنمان بکەن و هەرچی دەتانەوێت لەبارەمانەوە بیڵێن، سوێند بە خودا دەستبەرداری رێگەی حەق، دادپەروەری، سەربەرزی و کەرامەت نابین و قودسیش وەکو هێمای بەرخودانمان دەمێنێتەوە."
 
عەبدولقادر کەربەلائی رایگەیاندووە، "سازش ناکەین و پاشگەز نابینەوە و لەسەر رێگەی ئیماممان حوسێن، سەروەری شەهیدان لانادەین، کە رێگەی قوربانیدان و خۆڕاگرییە، رێگای سەرکەوتنی خوێنە بەسەر شمشێردا.، پیلانەکانتان بگێڕن و هەوڵی خۆتان بدەن، هەموو بڕیارەکانتان لەژێر پێماندان و هیچ بەهایەکیان نییە."
 
ئەو کاردانەوەیەی بزووتنەوەی نوجەبا  دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتەکەی بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و کەتیبەکانی ئیمام عەلیی عێراقی خستووەتە لیستی رێکخراوە "تیرۆریستییە بیانییەکان"ەوە.
 
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە، لە ساڵی 2013ـوە دامەزراوە، لە عەسائیبی ئەهلى حەق جیابووەتەوە، یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی، ژمارەى چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەکەیە.
 
هەر ئەمڕۆ، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لەبارەی سزاکەی ئەمریکاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا لە دژی گرووپەکەی چاوەڕوانکراو بووە و پێشتریش هەنگاوی لەو جۆرەیان ناوە.
 
کازم فەرتووسی پێیوایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق و گوتی: "پێشبینی دەکەین وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو بارەیەوە کاردانەوەی هەبێت".