سوودانی: بێکاری لە عێراقدا لەنێو ژناندا بەرزترە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، رێژەی بێکاریی ژنان لە پیاوان بەرزترە.
لە دووەمین کۆنفرانس و پێشانگەی دەستپێشخەری (پێشەنگایەتی) لە بەغدا، سوودانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتەکەی بۆ نەهێشتنی بێکاری لە رێگەی دابینکردنی هەلی کارەوە بۆ گەنجان کرد.
سوودانی گوتی: "بنەمای سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە بریتییە لە هاوکاریی کەرتی تایبەت، چونکە چاوەڕوان دەکرێ ئەم پڕۆژە بچووکانە ببنە پڕۆژەی گەورەتر و سوودێکی گەورەیان هەبێت".
سوودانی رایگەیاند، ئەم دەستپێشخەرییە "هەنگاوێکی چاکسازیی ئابووریی گرنگە و خاڵێکی وەرچەرخانە بەرەو پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی توانای گەنجان، بەتایبەتی کە لە ماوە کورتەکەیدا زیاتر لە نیو ملیۆن کوڕ و کچی گەنجی راکێشاوە و رێژەی مێینە لەنێو داواکاراندا گەیشتووەتە نزیکەی 27 ٪ ."
سوودانی رایگەیاند، حکومەتەکەی "سوورە لەسەر وەرگرتنی زۆرترین داواکاریی کچ و پشتگیریکردنیان لە دەستپێشخەرییەکە، لە رێگەی راهێنان و قەرزەوە، چونکە رێژەی بێکاری لەنێو مێینەدا زیاترە".
بەگوێرەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پڕۆژەی پێشەنگایەتی بریتییە لە پێدانی قەرز بە شێوەی ئاسان و بانکی ناوەندیش پاڵپشتیی دارایی بۆ دەربڕیوە. ژمارەی تۆمارکراوان گەیشتووەتە نزیکەی نیو ملیۆن کەس کە تەمەنیان لەنێوان 18-50 ساڵدایە.
بە گوێرەی نووسینگەی سوودانی، 12 هەزار قەرز دابەشکراون.