حەلبووسی: بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی دووخراوەی پەرلەمان، لەنێو ئاپۆڕای لایەنگرانی لە فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار پێشوازی لێدەکرێت و جەخت دەکاتەوە، بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکەن.
 
محەممەد حەلبووسی بە ئەندامانی حیزبەکەی و پشتیوانەکانی دەڵێت، "نیگەران مەبن؛ ئەرک و کارمان بەردەوامە؛ رێکارەکانمان دوورودرێژن و ناوەستن. ئەوەی پرۆژەکەتان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەیە کە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن. دەنگمان لەسەر حەقە و هەر بە بەرزی و بە یاسایی دەمێنێتەوە و پابەندی دەستوور و یاسایشین".
 
سوننەکانی نەیاری حەلبووسی لەسەر وەرگرتنی میراتی سەرۆکایەتی پەرلەمان پەلەیانە و ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانە، 50 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە تا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
 
شوێنگرەوەی حەلبووسی یەکێکە لە گەرمترین مژارەکان. سوننەکانی دژبەری حەلبووسی کۆبوونەوەتەوە و ناوی ژمارەیەک کەسایەتی بۆ جێگرەوەی حەلبووسی باس دەکرێن کە بریتین لە تەڵاڵ زوبەیعی، مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، سالم عیساوی، موسەننا سامەڕایی و زیاد جەنابی.
 
یونس هاشم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی ئیسلامی عێراق باس لەوە دەکات، "قەیرانێک لە پەرلەمان دروست دەبێت بۆ بەربژێرکردنی ئەو کەسەی کە شوێنی بەڕێز حەلبووسی دەگرێتەوە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان. هەرچی دوورخستنەوەی حەلبووسییە ئەگەرچی چاوەڕوان نەکراویش بوو، بەڵام دۆخی سیاسی ئاڵۆز ناکات".
 
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا سوننەکان لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەوتوون. 
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمان گوتوویەتی، "هەندێک دەڵێن خۆپێشاندان دەکەن و هەندێک دەڵێن مان دەگرن و رۆژگاری 2013 دەگەڕێتەوە، ئەمەمان نەکردووە و رازیش نابین. دەمانەوێت کۆمەڵگەکەمان ئارام و سەقامگیر بێت، داواتان لێدەکەین دەنگی خۆتان بدەن و با نوێنەرایەتیتان بکەین. خۆمان دەکەینە قەڵخان و بەربەست بۆ پاراستنی ئێوە؛ سەرپێچی یاسا ناکەین و رێگەش نادەین قەلەڕەشەکان بگەڕێنەوە، قبوڵی ناکەین و لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە وەڵامیان دەدەینەوە".
 
سێشەممەی رابردوو، دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان، کۆتایی بە ئەندامیەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هێنا؛ هەنگاوێک بۆ حەلبووسی چاوەڕواننەکراو و سەیر بوو.