سوودانی: دەنگدان مافێکی گرنگە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قوتابخانەیەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەنگی دا و رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی نیشتمانییە بۆ عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قوتابخانەی وەتەن لە شاری بەغدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەنگی دا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی نیشتمانییە و پیرۆزبایی لە گەلی عیراق دەکات لەو مافە دەستوورییە کە 10 ساڵ زیاترە دواکەوتووە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دەنگدان مافێکی گرنگە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وڵاتدا؛ گوتیشی، ئەنجوومەنی پارێزگاکان نوێنەرایەتیی خەڵکی پارێزگاکان بۆ راییکردنی کارەکانیان دەکات.
سوودانی لەبارەی بایەخی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە رایگەیاند، "لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی خۆجێیی بەرهەم دێت وەک ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگار کە دووەمین ستوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە وڵات و هاوکارێکی گەورەی حکومەتیش دەبێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی. بۆیە داوا لە خەڵکی عێراق دەکەم بە کارایی بەشداری ئەم هەڵبژاردنەدا بکەن بۆ دیاریکردنی بەتواناترین و باشترین کەسەکان کە تایبەتمەندی پاک و بێگەردی و دڵسۆزییان هەیە تاوەکو لەو ئەنجوومەنە گرنگەدا بن کە نوێنەرایەتی پارێزگاکان دەکەن."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەوەی لە ئەستۆی حکومەتەکەی بووە وەکو ئەرکێکی سەرشانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جێبەجێی کردووە؛ گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان لە هەموو پارێزگاکان بڵاوکراونەتەوە بۆ دروستکردنی کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە کاتی دەنگداندا.
رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە سوودانی کرد کە دەنگی بەکێ داوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە وەڵامدا گوتی، "دەنگم بەو کەسە داوە کە شایەنییەتی."
ئەمڕۆ کاژێر 07:00ـی بەیانیی 18-12-2023، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.