حەلبووسی: پێشبینی دەکەم بەشدارییەکی باش لە هەڵبژاردندا هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی تەقەدوومی عێراق دەڵێت، بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زۆر گرنگە، ئاماژەی بەوەشکرد، ''پێشبینی دەکەم رێژەی بەشداریکردن زۆر بەرز بێت و وەک پارتی تەقەدوومیش سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنین."
کاژێر حەوتى بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023 ناوەندەکانی دەنگدان لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕووی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقدا کرانەوە. لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا هەیە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی سوننەکان دوای دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شاری گەرمەی پارێزگای ئەنبار قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ''پێشبینی دەکەم بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن زۆر بەرز بێت."
حەلبووسی داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تاوەکو نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و گوتی، ''گرنگە هەموو هاووڵاتییان بە شێوەیەکی دیموکراسییانە بەشداری پرۆسەکە بکەن."
سەرۆکی پارتی تەقەدووم ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبەکەی لە ئەنبار لە رێگەی ''دەنگی دەنگدەران''ـەوە سەرکەوتنێکی باش بەدەست دەهێنێت.
ژمارەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنەکەی تێدا دەکرێت 285 کورسییە؛ 75 کورسی کۆتای ژنن؛ هەروەها 10 کورسیان کۆتاى پێکهاتەکانى کریستیان، کوردی شەبەک، کوردی ئێزدى، کوردى فەیلی، سائیبەى مەندایین.
بە گوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن.