کۆمیسیۆن راپۆرتی نیوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راپۆرتی نیوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "دەنگدان تەنیا بە کارتی بایۆمەتری دەبێت."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر باش بەڕێوەدەچێت، خەڵکێکی باش بەشدارییان کردووە، هیچ گرفتێک دروست نەبووە، ئامێرەکانی دەنگدان بە باشی و بێ هیچ گرفتێک کاردەکەن، لە هیچ وێستگەیەکی دەنگداندا کێشە دروست نەبووە."
 
لەبارەی رێژەی دەنگدان، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "کەمێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، راپۆرتی نیوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن زۆر باشن لە پاراستنی  هەموو ناوەندەکانی دەنگدان" و، دەشڵێت "هەرکەسێک کارتی بایۆمەتریی نەبێت، ناتوانێت بەشداری دەنگدان بکات، چونکە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەموارکراوی 2023، دەبێت دەنگدەر تەنیا بە کارتی بایۆمەتری دەنگبدات". 
 
ئەمڕۆ کاژێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.