کۆمیسیۆن فۆرمی داواکاریی پێکهێنانی هەرێمی بەسرە کارا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق فۆڕمی کۆکردنەوە ناو و واژۆ بۆ پێکهێنانی هەرێمی بەسرە رەوانەی پارێزگاکە دەکات. بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنیش لە پارێزگاکە دەڵێت فۆرمەکەیان بەدەست گەیشتووە و دابەشیانکردووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 16ی ئەم مانگە بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕیی و دارایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ نووسینگەی کۆمیسیۆن لە بەسرە کردووە، تێیدا هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکە فۆرمی کۆکردنەوەی ناو و واژۆی بۆ ناردوون بە مەبەستی داواکاری بەڕێوەچوونی گشتپرسیی پێکهێنانی هەرێمی بەسرە.
وێنەیەکی فۆڕم و نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
بانگەوازەکان بۆ دروستکردنی هەرێمی بەسرە، لە سەرەتای دوای 2003 دەستیانپێکرد، بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئەمڕۆ تاکە هەرێمە لە عێراق، بەڵام هەوڵەکان بە چەند هۆکارێک سەرکەوتوو نەبوون، لەوانەش حکومەتی عێراق رەزامەند نەبوو لەسەر جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ راگەیاندنی هەرێمەکە.
دەستووری هەمیشەیی عێراق جەخت لە مافی "هەر پارێزگایەک یان زیاتر دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی هەرێمێک لەسەر بنەمای داواکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسیی لەسەری".
حەیدەر محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەسرە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ فۆڕمەکەیان رادەستی ئەو کەسانە کردووە کە داواکارییەکەیان پێشکێشیان کردبوو، کە ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین و داوای بەڕێوەچوونی گشتپرسیی هەرێمی بەسرەیان کردووە، ئێستا پڕۆسەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی مادەی 2ی یاسای کۆمیسیۆن، مافی پێشکێشکردنی داواکاریی فەرمی و راستەوخۆ بۆ پێکهێنانی هەرێم، تەنیا لە دەسەڵاتی دوو لایەندایە، یەکەمیان لە رێگەی داواکارییەکەوە کە لەلایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێشکێش بکرێت. دووەمیان: لە رێگەی داواکارییەکەوە کە لەلایەن 10%ی دەنگدەرانی پارێزگاکەوە پێشکێش بکرێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەسرە روونیکردەوە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو قەوارەیەکی مەعنەوی، سیفەتی فەرمییان نییە بۆ پێشکێشکردنی داواکاری، بەڵام ئەندامەکانیان وەکو دەنگدەر دەتوانن لە چوارچێوەی خواستی جەماوەریدا بجووڵێن.
بەگوێرەی ماددەی 4ی یاساکە سەرەتا دەبێت 2%ی دەنگدەران داواکارییەک پێشکێشی نووسینگەی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکە بکەن، کە تێیدا شێوازی ئەو هەرێمەی دەیانەوێت دیاری کرابێت. دواتر کۆمیسیۆن لە ماوەی 3 رۆژدا داواکارییەکە لە میدیاکان بڵاودەکاتەوە. پاشان کۆمیسیۆن بۆ ماوەیەک کە لە مانگێک کەمتر نەبێت، 'تۆماری خواستەکان' دەکاتەوە تاوەکو هاووڵاتییان سەردانی بکەن و واژۆی تێدا بکەن، بە ئامانجی تەواوکردنی رێژەی 10%ی پێویست بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی راپرسی.
حەیدەر محەممەد گوتی، کۆمیسیۆن فۆرمی پێویستی بۆ کۆکردنەوەی واژۆی 2%ی دەنگدەرانی بەسرە دابین کردووە و دوای وەرگرتنەوە و وردبینیکردنی فۆرمەکان، ئەگەر راست و دروست بوون، بنکەکانی تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی داواکاریی 10%ی دەنگدەران دەکرێنەوە. دوای وردبینیی کۆتایی و تەواوکردنی رێکارەکان، داواکارییەکە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، تاوەکو وادەی بەڕێوەچوونی راپرسی لەسەر پێکهێنانی هەرێمی بەسرە دیاری بکرێت.
لە ساڵانی رابردوودا، دۆسیەی هەرێمی بەسرە شەپۆلی یەک لەدوای یەکی مشتومڕی سیاسی و جەماوەریی بەخۆیەوە بینیوە، لەنێوان ئەوانەی بە دەرفەتێکی دەزانن بۆ بەهێزکردنی ئیدارەی خۆجێی و مسۆگەرکردنی پشکێکی روونتر بۆ پارێزگاکە لە داهاتە نەوتی و بەندەرییەکانی و ئەوانەی ترسیان هەیە ئەم بژاردەیە ببێتە دەروازەیەک بۆ زیاتر دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی، لە سۆنگەی ناسەقامگیریی ئەزموونی فیدراڵی و لاوازیی ئامرازەکانی چاودێری و حوکمڕانی.