ئاستی ئاوی دیجلە بەرزبووەوە؛ ماسیگرەکان دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، ژمارەیەک ماسیرگرن لە لێواری رووباری دیجلەن، بۆ راوە ماسی تۆڕ و بەلەمەکانیان ئامادە دەکەن؛ ئەمە وەک ئاماژەیەکە بۆ باشبوونی دۆخ و ئاستی ئاوی رووبارەکە. هێشتا ئاوی رووبارەکە لێڵە، بەڵام ماسیگرەکان پەلەیانە بچنەوە سەر کارەکەیان.
حەمزە جاسم، ماسیگرە و باس لەوە دەکات، "ئەو کاتەی ئاو دابەزیبوو، زیانمەند بووین. پەروانەی بەلەمەکانمان دەشکا، خەڵک هەبوو وازی لە پیشەکەی هێنا، کابرا بە بەهای 20 بۆ 25 هەزاری ئیش دەکرد، دەبوو لە چاککردنەوەی بدات؛ ئێستا سوپاس بۆ خوا ئاوەکە بەرزبووەتەوە، ماسی هەیە، پەروانەکانمان ناشکێن و خەڵک بە ئارەزووی خۆی دەڕوات."
ئاستی ئاوی رووباری دیجلە بەرزبووەتەوە، جووڵەی بەلەمەکانیش زیادی کردووە، خەڵکێکی زیاتر بۆ کات بەسەربردن روو لەوێ دەکەن.
نیزال جومەیلی گەشتیارە و دەڵێت، "زۆربوونی دوورگەکان و کەمئاوی خەمناک بوو، سوپاس بۆ خوا دوای بارانبارین ئاستی ئاوەکە بەرزبووەتەوە، ئەمە دڵخۆشکەرە و دەمانەوێت بەردەوام دیجلە ببینین."
بەپێی ئاماری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە ئاوی بارانی ئەم دواییەدا زیاتر لە 750 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
خالید شەمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "وەکو وەزارەت بەشێک لە ئاوەکەمان رەوانەی دەریاچەی سەرسار کرد، ئەو ئاوەیشی لە بەنداوی موسڵ هەیە لە بەنداوەکە گلدەدرێتەوە، ئەو ئاوەی دیکەش کە لە باکووری سامەڕا دەڕژێتە نێوەڕاستی رووبار دەتوانین گلیدەینەوە و دواتر رەوانەی بەنداوی سەرسار بکەین، هەروەها ئاوی کۆتایی بەنداوی سامەڕا کە دەردەچێت، دەچێتە نێو رووباری دیجلە و ئاستی ئاوەکەی پێ بەرز دەبێتەوە."
بارانبارین و لافاوەکان بێ زیان نەبوون؛ لە باشووری کوردستان 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسیش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە 2 هەزار و 600 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
بارانبارینی ئەم دواییە نزیکەی 80 سانتیمەتر ئاستی ئاوی رووباری دیجلەی بەرزکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەو واتایە نایەت کە عێراق لە کێشەی کەمئاوی رزگاری بووە؛ عێراق هەمیشە گلەیی لە لایەنی تورکیا دەکات کە وەک پێویست پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە کە لەنێوانیاندا ئەنجامدراوە، ئەوەش هەمیشە کێشەی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.