شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: لەناو خاکی سووریا دوو داواکراومان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش، دوو داواکراویان لەناو خاکی سووریا دەستگیرکردووە.
ئەو شانەیە لە راگەیێندراوێکدا لە 18ی کانوونی یەکەمی 2025، وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردووەتەوە.
ئەو یەکەیەی عێراق کە بەشدار بووە لەو ئۆپەراسیۆنە، سەر بە شانەی هەڵۆی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو یەکەیە بە هاوئاهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و پاڵپشتیی لۆجیستیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، دابەزینی ئاسمانییان بۆ دوو ئامانج لەناو خاکی سووریا کردووە، کە دوو کەسی داواکراو بوون لەلایەن دادگای عێراقەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو دوو کەسە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون و توانیویانە دەستگیریان بکەن.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دژی پێگەی رێکخراوی داعش بووە لەنزیک سنووری نێوان سووریا و عێراق."