وەزارەتی ژینگە: زیاتر لە 35 هەزار قوربانیی مین لە عێراق هەن


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 هەزار و 500 قوربانیی مین و تەقەمەنی لە سەرانسەری وڵات تۆمارکراون. بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، مین تەنیا مەترسیی ئەمنی نییە، بەڵکو ئاستەنگی گەورەی گەشەپێدانە.

سەمیر ئەلحلو، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە فەرمانگەی کاروباری مینی سەر بە وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025، لە گوتارێکدا لە رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند: "فەرمانگەی کاروباری مین، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 35 هەزار و 500 قوربانیی لە عێراق تۆمارکردووە."
 
سەمیر ئەلحلو جەختی لەوە کردەوە کە پابەندن بە پاڵپشتیکردنی قوربانییانی مین و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، ئەوەش لەڕێگەی دابینکردنی ژینگەیەکی فێرکاری، تەندروستی و پیشەیی شایستە.
 
بە بڕوای ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگە، کێشەی مین تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە. سەمیر ئەلحلو گوتی: "مین و پاشماوەی جەنگەکان ئاستەنگێکی ژینگەیی و گەشەپێدانن، رێگرن لە بەردەوامی و فراوانکردنی وەبەرهێنان لە زەوی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا 2300 کیلۆمەتر لە خاکی عێراق بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە، نزیکەی 200 کیلۆمەتری دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستان.