هەڵبژاردەی عێراق لە ژاپۆنی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیا توانی شکست بە هەڵبژاردەی ژاپۆنی پاڵێوراوی جامەکە بهێنێت و بە پلەی یەکەم خۆی بگەیەنێتە قۆناخی 16.
رۆژی هەینی 19-1-2024، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی 2-1 لە هەڵبژاردەی ژاپۆنی بردەوە و لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا لە قەتەر.
بە ئامادەبوونی 40 هەزار هاندەری عێراقی، ئەیمەن حوسێن لە گێمی یەکەمدا هەردوو گۆڵەکەی تۆمارکرد و دوای یارییەکە گوتی، "هەرچەندە ژاپۆن پاڵێوراوی بردنەوەی نازناوەکەیە، بەڵام ئێمەش دەتوانین سەربکەوین".
فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە ئێکس بڵاویکردەوە، "پیرۆزبایی لە شێرەکانی میزۆپۆتامیا دەکەم. ئەم ئێوارەیە شێرەکان لە سامۆرایەکانیان بردەوە. ئێوە شایەنی چەپڵەیەکی بەهێزن و شانازیتان پێوەدەکەم. بردنەوەکەتان شتێکی بچووک نەبوو دژی ژاپۆن. ئەمڕۆ ئێوە عێراقیی رەسەنن، بەڵام بیرتان بێت کە ژاپۆن بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە".
بردنەوەکەی عێراق مێژوویی بوو، چونکە ژاپۆن 10 یاری بوو نەدۆڕابوو. هیچ هەڵبژاردەیەک بەدرێژایی ساڵی 2023 لە ژاپۆنی نەبردبووەوە؛ 26 یاری بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا ژاپۆن نەدۆڕابوو.
عێراق بووە یەکەم هەڵبژاردە لە 25 ساڵی رابردوودا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا شکست بە ژاپۆن بهێنێت و لە ساڵی 2021ـەوە عێراق یەکەم هەڵبژاردەی کیشوەری ئاسیایە لە شینپۆشەکانی ژاپۆن بباتەوە.
دوای یارییەکە، هەژماری فەرمیی جامی جیهانی لە تۆڕی فەیسبووک بە زمانی عەرەبی پۆستێکی کرد، "ئەوە چ یارییەک بوو؟".
لە ریزبەندی جیهانیی هەڵبژاردەکاندا، عێراق لە پلەی 63 و ژاپۆن لە پلەی 17 دێت.
ئەمە دووەم یاریی عێراق بوو لە جامی ئاسیای 2023. یەکەم یاری بەرامبەر ئیندۆنیزیا بوو و توانی 3-1 بباتەوە. رۆژی 24-1-2024 یش لە یاریی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکاندا رووبەڕووی ڤێتنام دەبێتەوە.