بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى چیمەنتۆى عێراق بە تۆمەتی وەرگرتنی 200 هەزار دۆلار بەرتیل دەستگیر دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى چیمەنتۆى عێراق بە تۆمەتی وەرگرتنى 200 هەزار دۆلار بەرتیل دەستگیر دەکرێت کە بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرى کۆمپانیایەکى ئەهلی وەریگرتووە. دەستەى دەستپاکیش دیمەنى کاتى دەستگیرکردنى هەردوو کەسەکە بڵاودەکاتەوە.   
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى چیمەنتۆى عێراق و بەڕێوەبەرى کۆمپانیایەکى ئەهلی بڵاوکردەوە بەتۆمەتى ئەوەی 200 هەزار دۆلاریان لە وەبەرهێنەرێک وەرگرتووە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا پڕۆژەى ئامادەکردن و پەرەپێدان و کارپێکردنى کارگەى چیمەنتۆى بادۆش لە موسڵ بدرێتە ئەو وەبەرهێنە.
 
وەبەرهێنەرەکە سکاڵاى کردووە بەوەى کە بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیەیەى پێ بدرێت داواى 500 هەزار دۆلارى لێکراوە و وەکو گوژمەى یەکەم 200 هەزار دۆلارى پێداون. 
 
تیمێکى دەستەى دەستپاکى لە بۆسەیەکەدا کە دیمەنەکانی بڵاوکردووەتەوە، دەچنە سەر کۆمپانیا ئەهلییەکە و دەستدەگرن بەسەر 200 هەزار دۆلارەکەدا کە لە کیسى زبڵ و خاشاکدا لە باخچەى پێشەوەى کۆمپانیاکە شاردوویەتیەوە تاوەکو وەرگرتنى بەرتیلەکە بشارێتەوە. رێککەوتنەکە وابووە کە وەرهێنەرەکە یەکەم گوژمەى بەرتیلەکە رادەستى بەڕێوەبەرى کۆمپانیا ئەهلییەکە بکات و ئەویش بیداتە بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى چیمەنتۆى عێراق کە سەر بە وەزارەتى پیشەسازییە.
 
لە دواى دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى کۆمپانیا ئەهلییەکە، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى چیمەنتۆى عێراق لە بەغدا لە بەردەم فەرمانگەکەیدا دەستگیرکراوە و ئەو نووسراوەى پێ بووە کە تایبەت بووە بە پێدانى پڕۆژەکەى موسڵ بە وەبەرهێنەرەکە.
 
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوە داوە، لە چوارچێوەى ئەو پرۆسەیەدا دەستیانگرتووە بەسەر شەش ئۆتۆمبێلى نوێ و چوار پارچە چەک و نووسراوێکى بەتاڵى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی پاسەوانى باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکاراندا.