بەرگریی عێراق بۆ رووداو: سنوورەکانمان تووندوتۆڵن و چاودێریی دۆخی سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، لە تووندوتۆڵکردنی سنوور بەردەوامن و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکن بکرێتە سەر سنوور. لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریاش ئاماژە بەوەش دەکات، چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە لە سنوورەکاندا لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دزەکردنێک لە سنوورەکان و هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاریمان لە هەموو بوارەکانیش هەیە".
دەشڵێت، "بۆیە هەر دۆخێک رووبدات، ئینجا لە سنووری هەرێمی کوردستان بێت کە پێشمەرگە لێی بەرپرسیارە یان ئەو سنوورەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە، ئامادەییمان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەیە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت: "توانای ئێمە لە سنوورەکاندا هێندە هەیە بتوانین وەڵامی هەڕەشەکان بدەینەوە و هەر کەسێکیش دەستگیربکەین یان بکوژین کە هەوڵبدات بێتە نێو وڵات. کارەکانمان بەردەوامن و بە چڕی چاودێریی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەین."
لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە چاودێری دۆخەکە و ئەو رووداوانە دەکەین کە لە سووریا روودەدەن، لە هەمان کاتدا سنوورەکانمان پارێزراون و ئەزموونی مامەڵەکردنمان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان لە سەختترین ناوچە جوگرافییەکاندا هەیە."
تەحسین خەفاجی گوتیشی: "هێزەکانمان بەردەوامن لە هاریکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش. ئاڵوگۆڕی زانیاری و راوەدوونانیان کاری بەردەوامی ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە."
درەنگی شەوی رابردوو گرتە ڤیدیۆییەکی چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ سنوورەکانی عێراق-سووریا لە نەینەوا بڵاوکرایەوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە رووداوی گوت، "چوونی ئەو هێزە ئەمنییە دوای ئەوە بوو کە سوپای سووریا هەندێک ناوچەی ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کۆنترۆڵ کرد. ئەو ناوچەیەش چەند زیندانێکی لێیە کە کۆمەڵێک داعش و خێزانەکانی داعشی تێدایە."
دوێنێ لەکاتی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشی چەکدارەکانی تەحریری شام [بەشێکی سەرەکین لە حکومەتی کاتیی سووریا]وە مەترسی جیدی لەسەر کەمپەکان و زیندانەکانی چەکدارانی داعش دروست بووە، چونکە ئەوانەش هێرش دەکەن هەر وەک داعشن."
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "گوترا کە زیندانییەکان هەڵهاتوون، بۆیە حکومەتی عێراق پاڵپشتیی سەربازی زیاتری ناردە سنوور بۆ ئەوەی نەوەک کەسانێک لەمانە عێراقی بن و رووبکەنە عێراق."
حکومەتی عێراق سێ هێڵی ئەمنی بۆ پاراستنی سنوورەکانی داناوە، هێڵی یەکەم هێزەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنوورە و هێڵی دووەم سوپا و سێیەمیش حەشدی شەعبی تێیدا جێگیرە.
لەبارەی ئەو هێزەی دوێنێ شەو چوونە سنوورەکان، محەممەد کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوانە هێزەکانی حەشدی شەعبی بوون بۆ دڵنیابوونەوە لە سنوورەکان ئەو جووڵەیان کرد، بەڵام هیچ شتێکی نەخوازراو لەو سنوورانە رووینەداوە."
عێراق و هەرێمی کوردستان 618 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.