پلاندانانى عێراق: پار زیاتر لە 800 پڕۆژەى داهێنانمان پێشکێشکراون
رووداو دیجیتاڵ
پلاندانانى عێراق دەڵێت، پار زیاتر لە 800 پڕۆژەى داهێنان و دۆزینەوە پێشکێش بە دەزگەى کواڵیتی کۆنتڕۆڵ کراون و لیژنەیەک هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات.
لیژنەکە بەدواداچوون دەکات تاوەکو بیسەلمێنێت کە پێشتر ئەو بیرۆکانە نەکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئەم زانیارییانەی بە تۆڕى میدیایی رووداو دا.
ئەو گوتی، "لەدواى هەڵسەنگاندنى ئەو پڕۆژە و دۆزینەوانە، بڕوانامە دەدرێتە ئەو کەسەى کە دۆزینەوەکەى دەسەلمێندرێت و دەبێتە خاوەنی بیرۆکەکە. قۆناخى دووەم ئەوەیە کە لایەنى دیکە و کەرتى تایبەت ئاگادار دەکرێتەوە بۆ ئەوەى ئەگەر بکرێت سوود لە دۆزینەوەکە ببیندرێت".
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، ساڵى 2021، ژمارەى ئەو دۆزینەوانەى پێشکێش بە دەزگەى کواڵیتی کۆنتڕۆڵ کرابوون 550 پڕۆژە بوون، لە ساڵى 2022 پرۆژەکان گەیشتوونەتە 750 دانە.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق باس لەوە دەکات، دەبێت بسەلمێندرێت ئەو دۆزینەوەیە یەکەمجارە و خاوەنەکەشی یەکەم کەسە ئەو کارە بکات، ئەو دۆزینەوانە بە خولەک، کاژێر، رۆژ، مانگ و ساڵ تۆمار دەکرێن تاوەکو ئەگەر پڕۆژەى هاوشێوە پێشکێش بکرێ، لەلایەن کەسێکى دیکەوە مافى خاوەندارێتى ئەو کەسە نەفەوتێت کە دۆزینەوەکەى پێشکێکش بە دەزگەى کواڵیتی کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئەو کەرتانەى پڕۆژەى دۆزینەوەکانیان پێشکێش دەکرێت بریتین لە تەندروستى، پیشەسازى، کشتوکاڵ، پزیشکى، دروستکردنى ئامێر و بوارى دیکە.
عەبدولزەهرە هنداوى ئەوەشی گوت، "هەڵسەنگاندنى ئەو دۆزینەوانە بەگوێرەى رێوشوێنى تایبەت دەبێت کە هاوتایە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەرەنتیکردنى خاوەندارێتییەکەى".