سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بۆ سەرۆککۆمار: مەرسووم بۆ ئەحمەد جبوورى دەربکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بە فەرمى داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات مەرسوومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونى ئەحمەد جبووى وەک پارێزگارى شارەکە دەربکات و دەڵێت ئەو تۆمەتانەى لە دژى هەبووە پووچەڵ کراونەتەوە.
رۆژی 18ى شوباتى 2024، عادل سمێدعى، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین نووسراوێکى ئاڕاستەى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق کردووە و تێبینیی خۆى لەبارەى پەسندنەکردنى ئەحمەد جبوورى وەک پارێزگارى شارەکە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پێ گەیاندووە.
ئەو هەنگاوە لە دواى ئەوە هات کە لە 15ـی شوبات، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاری سەلاحەدین نارد و ئاماژەى بەوەکرد، ئەحمەد جبووری، کە لایەن ئەو ئەنجوومەنەوە وەک پارێزگار هەڵبژێردرا، لەسەر چەند تاوانێک سزادراوە و بەر لێبووردنی گشتی بە ژمارە 27ی ساڵی 2016 کەوتووە، هەروەها دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە 7ـی شوباتی 2024 نووسراوی لەسەر کردووە، جگە لەوەش کۆت و بەندی تاوانی لەسەرە.
سەرۆککۆمار داوای لێبووردنی کردووە کە ناتوانێت مەرسوومی کۆماریی بۆ دامەزراندنی ئەحمەد جبووری، وەک پارێزگاری سەلاحەددین دەربکات.
لە نووسراوەکەى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین هاتووە، کە ئەحمەد جبوورى پێشتر سەرۆکایەتى کۆمار بڕیارى لێبووردنی گشتى بۆ دەرکردووە بەوپێیە ئەو تاوانەى لەسەرى بووە لەگەڵ رێوشوێنەکانى ئەو سزایانەى بەهۆى ئەو تۆمەتانەوە لەدژى گیراونەتەبەر، دەسڕدرێتەوە.
هەر بەپێی نووسراوەکەی سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین، ئەو نووسراوانەى وەزارەتى ناوخۆش کە تایبەتن بە تۆمەتبارکردنى ئەحمەد جبوورى لەلایەن دادگەى دادى کارگێڕیەوە، لە ساڵى 2013 سڕدراوەتەوە، ئەوەش بە بڕیاڕێکى دادگەى باڵاى فیدراڵى کە لەهەمان ساڵ دەریکردووە.
سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین ئاماژەى بەوەداوە، دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن لە ساڵى 2021 ئەندامێتى ئەحمەد جبوورى لە پەرلەمان پەسەد کردووە کە بەڵگەیە بۆ ئەوەى کە دەوڵەمەندبوونى لەسەر ماڵى گشتى نەبووە و تاوانى شەرەفی نییە و ئێستا پەرلەمانتارە.
لە خاڵێکى دیکەى ئەو وەڵامەدا هاتووە، مەرسوومى کۆمارى "ئاشکراکارە" نەک بنەماى ناوەندى یاسایی، چونکە بڕیارى ئەنجوومەنى پارێزگا بنەماى ناوەندى یاساییە و مەرسومى کۆمارى ناتوانێت بڕیارى بنەماى ناوەندى یاسایی رەتبکاتەوە.
لە کۆتایی نووسراوەکەدا سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات مەرسوومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونى ئەحمەد جبوورى دەربکات.
رۆژی 19ى شوباتى 2024، یاسین داوودى، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوە روونکردنەوەى یاسایی سەرۆکى ئەنجوومەن بووە لەبارەى دەرنەکردنى مەرسوومى کۆماریی دەستبەکاربوونى پارێزگار و دەبێت چاوەڕێى یەکلاکردنەوەى دۆسیەکەى بکرێت لەلایەن دادگەوە."
یاسین داوودى گوتى: "ئەگەر ئەو پرسە یەکلا نەبێتەوە، دەبێت دانوستاندن لە نێوان لایەنەکان دەستپێبکاتەوە و بەربژێرێکى دیکە بۆ پۆستى پارێزگار پێشکێش بکرێت."
رۆژی 4ـی شوباتی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری "ئەبومازن"ی وەک تاکە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد.
ئەحمەد جبوورى، سەرۆکى پارتى جەماوەریى نیشتمانییە، لەکۆى 15 کورسیی ئەنجوومەنى پازێزگاکە، چوار کورسیی بەدەستهێناوە.