وەزارەتی دەرەوەی عێراق: گفتوگۆکانی رووسیا و ئەمریکا لە سعودیە هەنگاوێکی گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە میواندارییەکەی سعودیە دەکات بۆ گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا؛ ئەو ھەنگاوەی بە گرنگ زانی بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگی شەوی رابردوو 18-02-2025 بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە، ئەم گفتوگۆیانە پابەندبوونی سعودیە دەردەخەن بە رۆڵی کارای خۆی لە ھەوڵە دیپلۆماسییەکان، کە ئامانج لێیان چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکانە، بە تایبەتی لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییانەی کە ناوچەکە رووبەڕووی دەبێتەوە.
وەزارەتەکە جەخت لە گرنگیی گفتوگۆکان دەکاتەوە لە بەھێزکردنی ھاریکاریی نێودەوڵەتی و پشتیوانیی ھەوڵەکان، کە ئامانج لێیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و جیهاندا، بەتایبەتی لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە ھاوبەشانەی وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی دەبنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق گرنگیی بەردەوامیدان بە کارکردنی ھاوبەش بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و سەرانسەری جیھان دووپات دەکاتەوە.
دوێنێ سێشەممە 18ی شوباتی 2025 لە سعودیە تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، بێ بەشداریکردنی نوێنەرانی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا کۆبوونەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکەش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "دڵنیام لەوەی رووسیا ئامادەیە بەشدار بێت لە پرۆسەیەکی جیدی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا و رووسیا بە سەرۆکایەتیی روبیۆ و لاڤرۆڤ، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دوو تیمی باڵای دانوستاندنکار پێکبهێنن بۆ دەستپێکردنی کارەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، "بە شێوەیەک بێت کە لەلایەن هەموو لایەکەوە قبووڵکراو بێت."
لە درێژەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، "ئێستا دەرفەتێکی ناوازە هاتووەتە پێش بۆ گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ، کلیلی ئەو دەرفەتەش، کۆتایی هێنانە بە ناکۆکییەکانی ئۆکراینا. ئامانجەکەشمان ئەوەیە کۆتاییەکە بە شێوەیەک بێت کە هاوسەنگ، درێژخایەن و گونجاو بێت بۆ هەموو لایەک. کۆبوونەوەی ئەمڕۆش، یەکەم هەنگاو بوو لە رێیەکی دژوار، بەڵام گرنگ."
لەبارەی بەشداریکردنی وڵاتانی ئەورووپیی لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە، روبیۆ گوتی "هەندێ لایەنی دیکەش هەن کە سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، بۆیە دەبێت یەکێتیی ئەورووپا لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت، چونکە ئەوانیش سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە."
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممە، لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ شاندی ئەمریکا سوودبەخش بوون، باسمان لەوە کرد باڵیۆزخانەکانی خۆمان لە هەردوو وڵات کارا بکەینەوە."
هەروەها وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی، "ئەوان لە داهاتوویەکی نزیکدا وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکا لەبارەی ئۆکرایناوە دەدەنەوە،" ئاماژەی بەوەش کرد لە دوای گفتوگۆکانی سعودیە، ئەمریکا هەڵوێستی رووسیا لەبارەی ئەو پرسەوە "باشتر تێگەیشت."
لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد، ئەم گفتوگۆیانە لە "بەرژەوەندیی هەردوولادایە"، بەتایبەتی ئەگەر ببێتە هۆی "لادانی لەمپەرە ئابوورییەکان"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە.
لەبارەی ئەو هەنگاوەوە، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "ویستێکی بەهێز هەیە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەڵگرتنی سەرجەم ئەو بەربەستە دەستکردانەی لەبەردەم بەرژەوەندییە ئابوورییەکان هەن. ئێمە بە ئەمریکاشمان راگەیاند، دژی ئەوەن وڵاتی ئەندامی ناتۆیش هێز بۆ ئۆکراینا بنێرێت."
هەر لەبارەی گفتوگۆکانەوە، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا کە یەکێک بوو لە بەشداربووەکانی گفتوگۆکان رایگەیاند، سەرنجی کۆبوونەوەکە زیاتر لەسەر گەرەنتیدان بە بەرقەراربوونی ئاسایش.
گوتیشی، "دەبێت کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە درێژخایەنە بێت و کاتیی نەبێت، هەروەکو لە رابردوودا بینیومانە. هەروەها قسەش لەسەر خاک و ئاسایش دەکرێت."
بەڵام گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، هەریەک لە ئۆکراینا و ئەورووپییەکانی تووڕە کردووە و لە یەکەم کاردانەوەی کۆبوونەوەکەش، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەخنەی گرت و گوتی "بەبێ ئۆکراینا باسی ئۆکراینا دەکرێت."