ڤیدیۆ: گەنجێک نەخۆشیی پێستی هەیە و دەستی وەکو درەخت سەوز بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
رەسول موحسین، خەڵکی میسانە، ماوەی 15 ساڵە بەدەست نەخۆشیەکی دەگمەنی پێستەوە دەناڵێنێت و ناتوانێت هیچ کارێکی رۆژانەی بە دەستەکانی بکات.
 
ناوی نەخۆشییەکە درەختی پیاوە، بالوکە لەسەر دەست و هەندێک جار قاچی سەوز دەبن، دوای ئەوەی تەواو گەشە دەکەن، وەک پەلک و توێکڵی داری لێدێت.
 
رەسول موحسین دەڵێت، "نە دەتوانم خۆم بگۆڕم، نە خۆم بشۆم، نە دەتوانم دەستم بشۆم و نە دەتوانم بخۆم. بەدرێژایی رۆژ عەسەبی دەبم لەبەر زۆریی ئێش و ئازار. نرخی چارەسەرییەکانم زۆر گرانە، خۆت دەیان بینی. نە مووچە، نە ماڵ نە بەخێوکەرم نییە و تەنیا خێرخوازانم هەیە؛ حکومەت هیچی نەکرد بۆم! بۆ ئەی من کوڕی ئەم وڵاتە نیم؟".
 
هاشم موحسین، برای رەسولە و دەڵێت، "ئەو وەکو من و تۆ نییە بتوانێت دەستدرێژ بکات بۆ خواردنەکەی، ئەو دەیەوێت هەست بە چێژی خواردنەکەی بکات. بۆ ئاودەستیش ئێمە دەیگەیێنین و پاکی دەکەینەوە خۆی ناتوانێت، خۆت دۆخەکەیت بینی".
 
لە هەموو جیهان تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، بێ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی هەبێت، تەنیا لە رێگەی نەشتەرگەری و دەرمانەوە دەتوانرێت نیشانەکانی کەم بکرێنەوە، وەک بڕینی بالوکە و پێستی زیادە، ئەویش نەخۆشییەکە بنبڕ ناکات و دووبارە سەرهەڵدەداتەوە.
 
دوای بێئومێدبوون لە چارەسەری نەخۆشییەکە لە عێراق، خێزانەکەی دەیانەوێت بچنە دەرەوەی وڵات.
 
عەلا محمەداوی، خۆبەخشە و هاوکاری بۆ نەخۆشەکە کۆدەکاتەوە. ئەو دەڵێت، "هەڵمەتێکمان لە سۆشیال میدیا دەستپێکرد بۆ خێرخوازان لە ماوەی یەک رۆژدا گوژمەیەکی 54 ملیۆنیمان بۆ کۆکردەوە بۆ چارەسەکردنی رەسول لە دەرەوەی عێراق، لە راستیدا حکومەت بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە بەرامبەر بەم هاوڵاتییە، تەنیا هاوکارییەکی خودی سەرۆک سەرۆکوەزیران هەبوو کە 10 ملیۆن بوو بۆ رەسول".
 
رەسول موحسین تەمەنی 28 ساڵە، خێزانی پێکنەهێناوە و وازی لە خوێندن هێناوە.
 
براکەی هەمیشە نمونەی پێغەمبەر ئەیوبی بۆ دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانێت ئارام بگرێت و بەردەوام بێت لە کێبڕکێ لەگەڵ نەخۆشییەکەی.