پەخشکردنی درامای 'حەمدیە' قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق پەخشکردنی درامای (حەمدیە)ی لە کەناڵی MBC Iraq قەدەخە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بڵاوکردنەوەی تیزەری دراماکە، شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی لە ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لێکەوتەوە.
بەپێی بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کە پاڵپشت بە فەرمانی ژمارە (65)ی ساڵی 2004 دەرچووە، دراماکە بەوە تۆمەتبار کراوە کە "وێنەی ژنی عێراقی دەشێوێنێت" و نێوەڕۆکەکەی دەبێتە هۆی نانەوەی فیتنە و مشتومڕی تووند لەنێوان پێکهاتەکان دا.
مەحموود رەبیعی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بڕیاری قەدەخەکردنەکە لەسەر داوای پەرلەمانتاران و جەماوەر دراوە. دەستەکە پێیوایە بڵاوکردنەوەی تیزەری دراماکە لە سۆشیاڵ میدیا، هەوڵێک بووە بۆ دەربازبوون لە چاودێریی فەرمی، چونکە نێوەڕۆکی چیرۆکەکە (کە لە رۆمانێکەوە وەرگیراوە) بە سووکایەتی بە بەها کۆمەڵایەتییەکان ئەژمار کراوە.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی کەناڵی MBC Iraq لە کۆبوونەوەیەکیان دا لەگەڵ دەستەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دراماکە مۆڵەتی فەرمی لە "سەندیکای هونەرمەندانی عێراق" وەرگرتووە و تەنیا باس لە کێشە مرۆییەکان دەکات بێ ئەوەی مەبەستی سووکایەتی بێت بە هیچ پێکهاتەیەک.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، ناڕەزایەتییەکان لە شاشەکانەوە چوونە سەر شەقام، ژمارەیەک لە فەرمانبەران و هاووڵاتیان لە بەغدا گردبوونەوەیەکیان کرد و داوای داخستنی نووسینگەی کەناڵەکەیان کرد، ئەگەر لەڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە بەردەوام بێت لە پەخشکردنی دراماکە.
قەدری قەدووری، نووسەری درامای (حەمدیە)، لە یەکەم کاردانەوەی دا بەرامبەر بڕیارەکە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک داکۆکی لە کارەکەی کرد و نووسی: "من و حەمدیە و عێراق، سێیانەیەکین کە لێکدانەبڕاومان مەحاڵە."
قەدووری دەڵێت: "حەمدیە نە شیعەیە و نە سوننە، ئەو تەنیا ژنێکی عێراقییە؛ چیرۆکی منداڵێکی هەتیوی مافخوراوە کە قەدەر یاری پێکردووە."
هەروەها رەخنەی لەوانە گرت کە "جلی تائیفەگەرییان بە بەر چیرۆکەکەدا پۆشیووە" و داوای لە هاووڵاتیان کرد پەلە نەکەن لە بڕیاردان و چاوەڕێ بکەن تاوەکو رووداوەکان لە شاشەوە دەبینن.
درامای (حەمدیە) کە بڕیار بوو لە مانگی رەمەزان دا نمایش بکرێت، باس لە قۆناخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی عێراق دەکات، بەڵام ئێستا بووەتە ململانێ نوێی لەنێوان لایەنگرانی "ئازادیی هونەری" و پارێزەرانی "بەها نیشتمانییەکان".