دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بۆ رووداو: سەرجەم چەکدارە داعشەکان لە عێراق دادگەیی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق چوارچێوەیەکی یاسایی تووند بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی داعش دادەڕێژێت کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. ناوەندی نیشتمانی بۆ ھاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی لە وەڵامی رووداودا رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری تۆمەتبارەکان بیانین و تاوانەکانیان لە دەرەوەی عێراق بووە، بەڵام بەپێی یاسا، بەغدا مافی تەواوی هەیە لەنێو خاکی خۆیدا دادگاییان بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، لەما فازڵ، بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان لە ناوەندی نیشتمانی بۆ ھاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تۆمەتبارە بیانییەکان دەخرێنە ژێر باری یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو، چونکە چوارچێوەیەکی یاسایی روون هەیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری و ئەو حاڵەتانە دیاری دەکات کە دەکرێت دادگاکانی عێراق تێیدا تۆمەتباران دادگایی بکەن."
یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو بە دایکی یاسا سزاییەکانی عێراق دەناسرێت و بنەما گشتییەکانی تاوان و سزا دیاری دەکات. لە راپۆرتەکەدا پشت بە مادەی 6ی ئەم یاسایە بەستراوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتەکانی دادوەری، واتا رێگە بە دادگاکانی عێراق دەدات ئەو تۆمەتبارە بیانییانە دادگایی بکەن کە لە دەرەوەی عێراق تاوانیان کردووە، بەو مەرجەی تاوانەکەیان زیانی بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیاندبێت.
لەما فازڵ، ئاماژە بە مادەی 6ی یاسای سزادانی عێراق دەکات و دەڵێت، "یاساکە هەموو ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی عێراق ئەنجام دەدرێن، بەڵام کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەیە وەک تاوانە تیرۆریستییەکان یان چوونە ناو رێکخراوە چەکدارەکان کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق. بۆیە یاسای عێراقی بەسەر ئەنجامدەرانیاندا جێبەجێ دەکرێت کاتێک لە ناو عێراقدا بن، تەنانەت ئەگەر بکەری سەرەکیی تاوانەکە لە دەرەوەش بووبێت."
جەختیش دەکاتەوە کە تۆمەتبارەکان "دەخرێنە ژێر باری یاسای دژەتیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005، لەبەر ئەوەی ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستین و تاوانی تیرۆریستییان کردووە."
وردەکاری یاسای دژەتیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005
ئەم یاسایە یەکێکە لە کورتترین و لە هەمان کاتدا تووندترین یاساکانی عێراق، کە تایبەت کراوە بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپ و کەسانەی هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکەن. ئەم یاسایە تەنیا لە 6 مادە پێکدێت، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆر فراوانە.
هەرچەندە لە یاسای ژمارە 13دا بە روونی باسی "بیانی" نەکراوە، بەڵام چونکە ئەم یاسایە وەک "یاسایەکی تایبەت" پۆلێن دەکرێت، لە کاتی جێبەجێکردنیدا دەگەڕێتەوە بۆ یاسای سزادانی گشتی، لەبەر ئەوەی داعش بە پێناسەی دەوڵەتی عێراق رێکخراوێکە ''ئاسایشی عێراق''ی کردووەتە ئامانج، هەر کەسێک لە هەر شوێنێکی جیهانەوە پەیوەندی بەو رێکخراوەوە کردبێت، بەپێی یاسای ژمارە 13ی عێراقی دەبێتە تۆمەتبار و دادگایی دەکرێت، چونکە بەپێی یاساکە، تاوانەکەی (ئەندامبوون لە گرووپەکە) زیانی بە ئاسایشی عێراق گەیاندووە.
ئەم یاسایە زۆر تووندە، چونکە جیاوازی ناکات لە نێوان ئەو کەسەی کردەوە تیرۆریستییەکەی کردووە و ئەو کەسەی تەنیا ئەندامی گرووپەکە بووە یان خواردنی بۆ ئامادە کردوون، هەموویان لەژێر چەتری مادەکانی تایبەت بە تیرۆر رووبەڕووی قورسترین سزا (سێدارە یان زیندانی هەتاهەتایی) دەبنەوە.
''دانیشتنەکانی دادگە بە ئاشکرا دەبن''
بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆی گشتی ئەو ئەندامانەی داعش، پێنج هەزار و 704 کەسن؛ 467 ـیان عێراقی، چوار هەزار و 253ـیان عەرەبی ناعێراقین کە سێ هەزار و 543ـیان سووریایین و هەروەها 983 ـیان بیانین.
سەبارەت بەوەی چۆن دادگەکانی عێراق مامەڵە لەگەڵ تۆمەتبارانی 61 وڵاتی جیاواز دەکەن، بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان ئاماژەی بەوە کرد، "دادگەکانی عێراق پابەندن بە هەموو گەرەنتییە یاساییەکان لە کاتی دانیشتنەکاندا کە لە یاسای بنەما دادوەرییەکاندا هاتوون. بەپێی ماددەی 61/ج، ئەگەر شایەت یان تۆمەتبار لەو زمانە تێنەگەیشت کە لێکۆڵینەوەکەی پێ دەکرێت، دەبێت وەرگێڕی بۆ دابین بکرێت."
سەبارەت بە مافی بەرگری لەخۆکردنی تۆمەتبارانیش دەڵێت، مافی یاسایی تۆمەتبارە پارێزەری بۆ دابین بکرێت، ئەگەر خۆشی توانای نەبێت، دادگە پارێزەری بۆ دابین دەکات بەبێ ئەوەی تێچووی دارایی بخاتە ئەستۆی تۆمەتبارەکە. هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە بەپێی مادەی 152 لە یاسای سزادانی عێراقی، "دەبێت دانیشتنەکانی دادگایی کردن بەشێوەی ئاشکرا بن."
مافی کوردانی ئێزدی و قوربانییان بۆ سکاڵا
لەما فازڵ رایگەیاند، "دادگەی عێراقی بەپێی یاسا مافی قوربانییان دەپارێزێت بۆ پێشکێشکردنی سکاڵا و داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوە، ئەوەش لە ئەگەری سەلماندنی تاوانی تۆمەتباران دژیان." گوتیشی، "بەپێی مادەی 10ی یاسای بنەما دادوەرییەکان، هەر کەسێک زیانی مادی یان مەعنەویی بەرکەوتبێت، مافی هەیە سکاڵا بۆ داوای مافی کەسی دژی تۆمەتبار تۆمار بکات."
ئەو بەرپرسەی ناوەندی نیشتمانی بۆ ھاوکاریی دادوەری تیشک دەخاتە سەر "یاسای رزگاربووانی ئێزدی ژمارە 8ی ساڵی 2021" و باس لەوە دەکات، "ئەم یاسایە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی و دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆیان." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "یاسا رێگەی داوە بە قوربانییان کە گوتەکانیان وەک شایەت یان سکاڵاکار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و دادگەکانی تریش تۆمار بکەن."
رادەستکردنەوەی چەکدارە بیانییەکانی داعش بە وڵاتەکانیان
لەبارەی ئەگەری رادەستکردنەوەی چەکدارە بیانییەکان بە وڵاتەکانیان، لەما فازڵ روونی کردەوە کە "هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە بۆ رادەستکردنەوەی تۆمەتباران بە وڵاتەکانیان، ئەگەر ئەو وڵاتانە داوای رادەستکردنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان بکەن بەو مەرجەی تاوانیان دژی عێراقییەکان ئەنجام نەدابێت."
سەبارەت بە گەرەنتی سزادانیان لەو وڵاتانەی داوایان دەکەنەوە، ئەو بەرپرسەی ناوەندی نیشتمانی دەڵێت، "دادگەی عێراقی بە تەنیا ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات کە ئەو وڵاتانە چی بڕیارێک دەدەن، بەڵکو ئەمە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە بە هەموو دەسەڵاتەکانییەوە و هەروەها بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، کە بە شێوەیەک رەفتار بکەن گەرەنتی ئەوە بکات هیچ کەسێک لە سزا دەربازی نەبێت کە تێوەگلابێت بە تاوانە تیرۆریستییەکان یان تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی."
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی داعشی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەستپێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سەرجەم ئەو دەستگیرکراوانە لە گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا زیندانی کراون.