بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، د. محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی سیستمی "ستیکەری نرخ"ـەوە کێشەی جیاوازیی نرخی دەرمانی لە سەرجەم دەرمانخانە و نۆرینگەکان چارەسەر کردووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا گوتی، "وەزارەت نرخێکی دیاریکراوی بۆ دەرمانە هاوردەکراو و نێوخۆییەکان دیاریکردووە، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک لە کارگەوە تاوەکو دەرمانخانە." بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا بەهۆی ''زۆریی فەرمانبەر و بەرزیی تێچووی بەرهەمهێنان''، پێویستی بە پشتیوانیی زیاتری وەزارەتی تەندروستی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کێبڕکێی کارگەکانی دیکە بکات.
 
سەبارەت بە خۆبژێوی لە دەرمان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە رایگەیاند: ''ئەستەمە تەنیا یەک کارگە بتوانێت پێویستیی وڵات دابین بکات،بەڵکو پێویستە کەرتی گشتی و تایبەت پێکەوە کار بکەن."، ئاشکراشی کرد کە لە رێگەی بودجەی وەبەرهێنانی حکومەتەوە، پڕۆسەی نوێکردنەوەی کارگەکانیان دەستیپێکردووە.
 
گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، هێڵە نوێیەکانی بەرهەمهێنان کە بە تەکنەلۆژیای نوێی جیهانی کار دەکەن تەواو دەبن، ئەمەش بازدانێکی گەورە دەبێت لە پیشەسازیی دەرمان لە عێراق."
 
د. محەممەد عەبدولقادر ئاشکرای کرد، کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا چووەتە نێو قۆناخێکی نوێ لە بەرهەمهێنانی دەرمانە گرنگەکان ، دیارترین پڕۆژەکانی بریتین لە:

 

- دەرمانی شێرپەنجە: لە رێگەی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (العلاج)، لە کارگەی نەینەوا دەست بە بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە دەکرێت.
- پێداویستییەکانی نەشتەرگەری: لە کارگەی بەغدا، هێڵی بەرهەمهێنانی دەزووی نەشتەرگەری، پێداویستی نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ و پێداویستییە پزیشکییە پلاستیکییەکان دەخرێنە گەڕ.
- گازە پزیشکییەکان: دابینکردنی ئۆکسجین و نایترۆجین بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی دەوڵەت.
- مادە پاککەرەوەکان: کارگەی بابل تەرخانکراوە بۆ بەرهەمهێنانی مادە پاککەرەوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان.
 
کۆمپانیای سامەڕا تەنیا چاوی لە ناوخۆ نییە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد کە کارگەی (الطارق) بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی مێرووکوژ و دەرمانی کشتوکاڵی لەگەڵ کۆمپانیای سامەڕا یەکخراوە و لەو چوارچێوەیەدا گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی واژۆ کردووە بۆ بەرهەمهێنانی مێرووکوژ بە ''بەرزترین ئاست.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا جەختی کردەوە کە ئامانجیان گۆڕینی کۆمپانیاکەیانە بۆ کۆمپانیایەکی قازانجکەر. "هەرچەندە باری دارایی کۆمپانیاکە بەهۆی زۆریی مووچەی فەرمانبەرانەوە قورسە، بەڵام دەمانەوێت لە رێگەی فراوانکردنی دڵنیایی بدەین کە دەرمانی سامەڕا دەگاتە هەموو ماڵێکی عێراقی بە کوالیتییەکی بەرز و نرخێکی گونجاو."
 
کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا لە ساڵی 1965 دامەزراوە و لە ساڵی 1970 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. ئەو کۆمپانیایە خاوەنی 8 بڕوانامەی جیهانییە.