ئەمڕۆ پارێزگاری سەلاحەدین هەڵدەبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆببێتەوە؛ 32 بەربژێر کێبڕکێ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکەن، ململانێی تووند لە نێوان جەمسەرە سوننەکاندا هەیە و لایەنە کوردستانییەکانیش دابەشبوونە.
یاسین محەممەد عەلی داودی، تاکە ئەندامەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا رێژەی یاسایی ئامادەبووان تەواو دەبێت یان نا."
کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هاوپەیمانیی "عەزم" بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی و هاوپەیمانیی "تەقەدووم" بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسییە. هەریەک لەو دوو جەمسەرە بەربژێری خۆیان هەیە، ئەوانیش هەیسەم مەحموود زەهوان: بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدووم (بەرەی حەلبووسی) و ئەمجەد محەممەد ئەحمەد، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم (بەرەی سامەڕائی).
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 کورسی پێکهاتووە، لایەنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین خاوەنی دوو کورسین (یەک کورسی بۆ یەکێتی و یەک کورسی بۆ پارتی). بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەردوو لایەنەکە دابەشبوونە بەسەر بەرەکاندا؛ یەکێتی لە حەلبووسی و پارتیش لە سامەڕائی نزیکە.
یاسین محەممەد عەلی، نوێنەری یەکێتی دەڵێت: "محەممەد حەلبووسی بەڵێنی پێداوین داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات، کە گرنگترینیان پرسی "هاوسەنگییە لە دابەشکردنی پۆستەکاندا. لەگەڵ ئەوەش کێ زۆرینە بێت و داواکارییەکانمان جێبەجێبکات لەگەڵ ئەوەین".
لە بەرامبەردا، تارا جەلال داودی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنەکە رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا دیار نییە کۆبوونەوەکە دەکرێت یان نا." سەبارەت بە دەنگدانیشیان گوتی: "پارتی لەگەڵ زۆرینەیە؛ هەر لایەنێک بتوانێت زۆرینە کۆبکاتەوە، پارتی دەنگی پێدەدات."
رۆژی 12ی شوباتی 2026، عادل سومێدەعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی 19ی شوباتی وەک کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دیاریکرد.
پارێزگاری نوێ بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین هەڵدەبژێردرێت.
پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین دوای ئەوە چۆڵ بوو کە بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە وەکو ئەندامی پەرلەمان سوێندی دەستووری خوارد. ئێستا پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن جێگری پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت.
32 کەس داواکاری خۆبەربژێرکردنیان پێشکێشکردووە بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین کە بریتین لە:
1. عومەر عەلی ساڵح عەلی
2. محەممەد رەشید ئەحمەد عوسمان
3. ئەحمەد غانم مەشعان سەیھود
4. عەزیز عیزەت جاسم محەممەد
5. فیراس ئەحمەد محەممەد مەحمود
6. ڕەبیع جومعە زیاب محەممەد
7. محەممەد عاید فنخ عەکاب
8. قوەیبە ئیبراهیم تورکی جاسم
9. عیمران مەرعی محەممەد عەلی
10. ئەحمەد عەبدولجەبار عەلی ئەلکەریم
11. عامر عەلی حەمەد شوێش
12. حامید عەبدوڵڵا خەزیر لەتیف
13. سەفا ئەکرەم عومەر حەمادە
14. نوری حوسێن عەلی حەمادی
15. محەممەد مەحمود حوسێن ئەحمەد
16. ساڵح محەممەد خەڵەف حەمەد
17. حەسەن عەلوان خەڵەف غەنام
18. جەلال فارس ئەحمەد عەلاوی
19. سەعد مەتەر حوسێن موتڵەگ
20. فیراس عەبدولقادر غانم شاکر
21. هەیسەم مەحمود زەهوان خەلیفە
22. حوسێن عەلی وادی عەلی
23. عیمادەدین شەعلان ئەحمەد زامن
24. عەبد خەڵەف حوسێن عەوەز
25. محەممەد ئیدریس زاهیر حەمەد
26. ئەمجەد محەممەد ئەحمەد تەڵمەس
27. ئیبراهیم نامس یاسین موسا
28. ثامر عەبدولستار تورکی فارس
29. رائید ئیبراهیم حەمەد
30. ئەحمەد مەحمود حەماد موسا
31. عادل ئەحمەد عەلی سەحل
32. عومەر عادل زیاب