وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەمریکا هۆشداریی سزادانی چەند کەس و دامەزراوەیەکی داوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوە لەبارەی لێدوانەکانی فوئاد حوسێن دەدات و رایدەگەیێنێت، لایەنی ئەمریکی لە رێگەی پەیامێکی زارەکییەوە ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەدا کردووە، ئەوەش ئەگەر گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی سوور بێت لەسەر بەربژێرەکەی ئێستایان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لە لێدوانەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "شەرقیە" بە هەڵە لێکدراونەتەوە، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەندی بە سزاکانی ئەمریکاوە هەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو پەیامە زارەکییەی لە واشنتنەوە گەیشتووەتە بەغدا، دوو خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، ئەوانیش: "سزاکان: ئاماژەیەکی روون بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەی عێراقیدا." دووەمیش: "پێوەرەکانی هاوکاری: دیاریکردنی کۆمەڵێک پێوەر بۆ چۆنیەتی هاوکاری و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا لە داهاتوودا، بەتایبەت لە پرسی پێکهێنانی حکومەت و میکانیزمی کارکردنیدا."
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، فوئاد حوسێن مەبەستی بووە جەخت لەسەر خاڵی دووەم (پێوەرەکانی هاوکاری) بکاتەوە، نەک ئەوەی بڵێت هیچ باسێکی سزادان لەئارادا نییە.
ئەم پرسە دوای ئەوە هات کە تویتێکی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕی زۆری لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراق دروستکرد. فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتن (نزار خەیروڵڵا) راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە.
وەزیری دەرەوە دەڵێت: "باڵیۆز لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا قسەی کردووە، ئەنجامەکەش ئەوە بووە کە باس لە سزادانی عێراق بە گشتی نەکراوە، تەنانەت ئەگەر نووری مالیکی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش وەربگرێت."
بەگوتەی وەزارەتی دەرەوە، ئەمریکا لەجیاتی سزادانی وڵاتەکە، چەند تێبینی و خاڵێکی پێشکەش بە بەغدا کردووە کە واشنتن بە گرنگییەوە سەیریان دەکات، لەوانە، دۆخی بانکی ناوەندی و بانکە ئەهلییەکانی عێراق، قەبارەی جووڵە و هەژموونی ئێران لەنێو عێراقدا و دۆخی هێزەکانی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگریی عێراق.
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی دەرەوە دوای ئەوە دێت، کە لێدوانەکانی پێشووتری وەزیر وا لێکدرابوونەوە کە ئەمریکا هیچ هۆشدارییەکی سزادانی نەداوە، بەڵام راگەیێنراوە نوێیەکە بوونی هۆشداریی سزادانی کەسایەتی و دامەزراوەکان پشتڕاست دەکاتەوە.