بەربژێرەکەی حەلبووسی بووە پارێزگاری سەلاحەددین
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین پارێزگاری نوێی هەڵبژارد. یەکێتی نیشیتمانی کوردستان دەنگی پێدا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆبوونەوەکەی بایکۆت کرد.
یاسین محەممەد عەلی داودی، تاکە ئەندامەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و بە دەنگی 9 ئەندام، هەیسەم مەحموود زەهوان، بە پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد".
ئەندامەکەی یەکێتی گوتی، "دەنگمان دا بە هەیسەم زەهوان بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین".
پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد، تارا جەلال داودی، نوێنەری پارتی لە ئەنجوومەنەکە ئەمەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "بەڵێ بەشدار نەبووین".
32 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردبوو، بەڵام کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هاوپەیمانیی "عەزم" بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی و هاوپەیمانیی "تەقەدووم" بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی بوو. هەیسەم مەحموود زەهوان، بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدووم (بەرەی حەلبووسی) و ئەمجەد محەممەد ئەحمەد، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم (بەرەی سامەڕائی) بوو.
پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین دوای ئەوە چۆڵ بوو کە بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە وەکو ئەندامی پەرلەمان سوێندی دەستووری خوارد.