بازرگانیی عێراق بۆ هاووڵاتییان: پەیوەندی بە هێڵی گەرم بکەن و لە گرانی ئاگادارمان بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق زنجیرەیەک رێکاری نوێی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی کاڵا و شتوومەک لە مانگی رەمەزاندا راگەیاند؛ گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت: "سەبەتەی خۆراک دەوڵەمەندتر دەکرێت و هێڵی گەرمیش بۆ سکاڵای هاووڵاتییان تەرخانکراوە."
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە مانگی رەمەزاندا پلانێکی تۆکمەیان ئامادە کردووە و رۆڵێکی سەرەکی لە رێکخستنی بازاڕدا دەگێڕن.
 
بەگوێرەی پلانی وەزارەتەکە، دابەشکردنی پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراک (شەکر، رۆن، برنج و ئارد) پێش مانگی رەمەزان و لە کاتی مانگەکەشدا خێراتر دەکرێت. محەممەد حەنوون گوتی: "خەزێنەیەکی ستراتیژیی پێویست دابینکراوە بۆ ئەوەی خستنەڕووی کاڵاکان لە بازاڕدا هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئاستی داواکاریی هاووڵاتییان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکانیان بە هاوکاریی لایەنە دادوەرییەکان، هەڵمەتی پشکنینی رۆژانە بۆ بازاڕەکانی کۆفرۆشی و تاکفرۆشی دەکەن و گوتیشی: "چاودێریی هەر حاڵەتێکی قۆرخکاری یان بەرزکردنەوەی بێ پاساوی نرخەکان دەکەین و رێکاری یاسایی تووند دژی سەرپێچیکاران دەگرینەبەر."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانگەکانی چاودێریی بازرگانی لە بەغدا و پارێزگاکان راسپێردراون کە بە شێوەیەکی مەیدانی و کتوپڕ سەردانی کۆگەکان بکەن و راپۆرتی رۆژانە لەسەر جووڵەی نرخەکان ئامادە بکەن.
 
هەر لە چوارچێوەی پلانەکەدا، بنکەکانی فرۆشتنی راستەوخۆ کە سەر بە کۆمپانیای گشتیی کەلوپەلی خۆراکن، کاڵاکان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو (هەرزانتر لە بازاڕ) دەفرۆشنە هاووڵاتییان.
 
وەزارەتی بازرگانی هێڵێکی گەرم و پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنیی بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان تەرخانکردووە. محەممەد حەنوون داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی بینینی هەر جۆرە گرانبوونێکی نائاسایی یان قۆرخکارییەک، پەیوەندی بە هێڵەکانەوە بکەن و تیمەکانیان وەڵامدانەوەی خێرایان دەبێت.