دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق: ئەو ڤیدیۆیەی بە ژیریی دەستکرد بۆ جەواهیری دروستکراوە "بێڕێزییە"


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق هۆشداری دەدات لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی "خەیاڵی" محەممەد مەهدی جەواهیری، شاعیری گەورەی عێراق و عەرەب، کە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دروستکراوە و دەڵێت: "ئەمە بەکارهێنانێکی ناڕێکی تەکنەلۆژیایە و بێڕێزییە بە بەها نیشتمانییەکان."
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو ڤیدیۆیە خەیاڵییەی لەم دواییانەدا بڵاوبووەتەوە و تێیدا محەممەد مەهدی جەواهیری، شاعیری گەورەی کۆچکردوو دەردەکەوێت، بەکارهێنانێکی ناڕێک و نادروستی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردە."
 
دەستەکە پێیوایە ناوەڕۆکی ئەو ڤیدیۆیە "سووکایەتیکردنە بە بەها ئەدەبی و نیشتمانییەکان" و بە کارێکی "دوور لە رێسا پیشەیی و میدیاییەکان" وەسفی کردووە.
 
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، رێگری بکەن لە برەودان بەم جۆرە ناوەڕۆکانە کە زیان بە هێما کولتوورییەکان دەگەیەنن و بەرپرسیارێتی پیشەیی و بەرژەوەندی گشتی بپارێزن.
 
بڵاوبوونەوەى ئەو ریکلامە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایی لێکەوتەوە، رێکلامەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و تێیدا شاعیری ناوداری عێراقی محەممەد مەهدی جەواهیری چا پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات.  
 
کۆمپانیای بانا مارکێتینگ کە ریکلامەکەی بەرهەم هێناوە، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئامانج لەو کارە هونەری و نیشتمانی بووە بۆ پێشاندانى عێراقێکی یەکگرتوو، هەروەها ئامانج لێی پێشاندانی ناسنامەی کۆکەرەوەی عێراقییەکان و قووڵبونەوە لە کولتوور و شارستانییەکەی بووە.
 
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، دەرکەوتنی محەممەد مەهدی جەواهیریی هۆزانڤان لەو ریکلامەدا بۆ ئەوە نەبووە وێنای کەسایەتییەکی واقیعی بکات، بەڵکو وەک سیمبوولێک بۆ رۆحی رۆشنبیری و پێشاندانی ئەو هۆزانڤانە وەک ئاماژەیەکی سیمبوولییە بۆ بەردەوامیی ناسنامەی عێراقی بووە.