پەرلەمانی عێراق دەنگ بە "یاسا هەستیارەکە" دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 19ـی ئادارى 2023) بۆ دەنگدان لەسەر یەکێک لە هەستیارترین پڕۆژەیاساکان کە هەموارى سێیەمى یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراقە، کۆدەبێتەوە. رووداو گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە ئاشکرا دەکات، کە لە هەمواری پڕۆژەیاساکەدا کراون.
بەپێی رەشنووسی هەمواری یاساکە، هەندێک گۆڕانکاریی بەرچاوى تێدا کراوە، کە نیگەرانی هەندێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و تشرینییەکانی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، گرنگترین ئەو گۆڕاکارییانەى لە یاساکەدا کراون بریتین لەوەى: هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمان، یەک یاسایان دەبێت، تەمەنى خۆبەربژێرکردن لە 28 ساڵەوە دەکرێتە 30 ساڵ بۆ پەرلەمان، دوو پێشنیاز بۆ بازنەکانى هەڵبژاردن هەن کە دەخرێنە دەنگدانەوە، یەکەمیان یەک بازنەیی نێو یەک پارێزگا بە پەیڕەوکردنی سیستمى سانت لیگۆ بۆ ژماردنى دەنگەکان، دووەمیان دابەشکردنى عێراق بەسەر 83 بازنە.
بەشێکى دیکەى هەموارەکە تایبەتە بە بەربژێرى پلە باڵاکان بۆ هەڵبژاردنەکان، کە دەبێت پێش وادەى بانگەشەى هەڵبژاردن دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە بۆ رێگرى لە بەکارهێنانى پۆستەکانیان بۆ بانگەشە و بەدەستهێنانى دەنگ، هاوکات بەگوێرەى هەموارەکە، ژماردنى دەنگەکان و راگەیاندنى لە بنکەکانى دەنگدان دەبن و، دەنگەکان بەدەست و ئەلیکترۆنى دەژمێردرێن، بەڵام ئەگەر جیاوازى هەبوو، ژماردنى دەستى یەکلاکەرەوە دەبێت.
خالید دەڕاجى، سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "پێشبینی دەکەم مشتومڕى تووند لە پەرلەمان دروستببێت، لەبەرئەوەى ناکۆکى گەورە لەنێوان فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکاندا لەبارەى یاساکە هەیە. ئێمە وەک لیژنەکەمان لەدژى ئەوە بووین هەردوو یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان، یەکبخرێن و دەنگمان بۆ ئەوە دا، کە هەر پارێزگایەک چەند بازنەیەک بێت".
رەخنەى ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان و خۆپیشاندەران لەسەر شەقام، لەسەر سیستمى یەک بازنە و هەژمارکردنى دەنگە، کە بەگوێرەى سیستمى سانگ لیگۆ دەبێت. ئەوان پێیانوایە لە بەرژەوەندیى پارتە گەورەکانە و ناهێڵێت بەربژێرە سەربەخۆکان دەربچن.
سیستمى سانت لیگۆ تایبەتە بە هەژمارکردنى دەنگى بەربژێرەکان و دابەشکردنى بەسەریاندا بۆ یەکلاییکردنەوەى براوەى هەڵبژاردنەکان.
18ـی ئادارى 2023 موحی ئەنساڕى، ئەمیندارى جوڵانەوەى بەیتی عێراقى وەک نوێنەرى هاوپەیمانى گۆڕانکارى دیموکراتى، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند دیاریکردنى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارى هەڵبژاردنەکان، پشتگوێخستنى بۆچوونى چەندین لایەنى سیاسى و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانە، کە بەگوتەى ئەو، داڕشتنى ئێستاى یاساکەیان رەتکردووەتەوە و هەژموونى هێزەکانى "پشکپشکێنە و گەندەڵى" زیاتر دەکات.
موحی ئەنساڕى گوتیشى "پەسندکردنى یاساکە بەو شێوە خێرایە و بەبێ رەچاوکردنى تێبینىی ھێزەکانى ئۆپۆزیسیۆن، تێپەڕاندنى بەها دیموکراتییەکان و فرەیی سیاسییە".
فراکسیۆنەکانى ئیمتیداد، ئیشراقەى کانوون و چەند پەرلەمانتارێکى دیکەى سەربەخۆ لە پەرلەمان، لەدژى تێپەڕاندنى هەموارى یاساکەن بەم شێوەیەى ئێستاى.
شوان محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە رووداوى راگەیاند: داواکاریى بەشێک لە سەربەخۆکان لەدژى هەموارى یاساکە لەجێگەى خۆیدا نییە، دژایەتیکردنى یەک بازنەیی و سیستمى سانت لیگۆ، زیاتر بۆ هاوسۆزى شەقامە بۆ بەدەستهێنانى دەنگ، دەزانن ئەوە یەکێکە لە داواکارى خۆپێشاندەران.
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 2013 کرا، ئەم خولەى پەرلەمانیش نزیکەى سێ ساڵ تەمەنى ماوە، وادەى ئەنجامدانیان لەسەر بڕیارى حکومەت و ئامادەیی کۆمسیۆن وەستاوە، کە بەم یاسا نوێیە دەکرێت، ئەگەر وەک خۆى پەسەند بکرێت.