سوێد وەزیرێکی پێشووتری عێراق دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد، وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق لە فڕۆکەخانەیەکی ئەو وڵاتە دەستگیر دەکات.
میدیای سوێدی بڵاویکردەوە، دوێنێ دووشەممە پۆلیسی سوێد لە فڕۆکەخانەی ئەرلاندای ستۆکهۆڵم، نەجاح شەمەری، وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراقی دەستگیر کرد، ئەوەش بە تۆمەتی فێڵکردن لە وەرگرتنی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە.
داواکاری گشتیی سوێد دەڵێت، نەجاح شەمەری تەمەن 57 ساڵ، ساڵ و نیوێکە داواکراوە.
شەمەری لە 24-6-2019 تاوەکو 6-5-2020 و لە سەردەمی کابینەی عادل عەبدولمەهدیدا وەزیری بەرگریی عێراق بوو.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژیانی ئەو کەسەوە هەیە لە سوێد، شەمەری لە ساڵی 2011 مافی نیشتەجێبوونی لە سوێد پێدراوە و ساڵی 2015ش بووەتە خاوەن وڵاتینامەی سوێدی بەناوی نەجاح عادلی.
دەسەڵاتدارانی سوێد لێکۆڵینەوەیان لەگەڵی دەستپێکردووە بە تۆمەتی فێڵکردن لە وەرگرتنی هاوکاری، چونکە تۆمەتبارە بەوەی لە سوێد سوودمەند بووە لە وەرگرتنی هاوکاری حکومەت و لە عێراقیش مووچەی تەواوی هەبووە.