لەتیف رەشید و محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و راگەیێندراوی کۆتایی نێوان شاندی تورکیا و عێراق تاوتوێ دەکەن.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 19ی ئاداری 2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، گوزەران و خزمەتگوزاری لە وڵات، هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهان، ئەوەش جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەسەر بنچینەی کورسییەکانی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، نیگەرانە لەو سیاسەتەی بەغدا بەرامبەر هەولێر دەیگرێتەبەر.
لە راگەیێندراوی رۆژی 18-03-2024ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتبوو، "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسیدا."
وەکو لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی و لەتیف رەشید جەختیان کردەوە لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی کەمپەکان بە تەواوی لەو ماوەیەی کە حکومەت دیاریکردووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە تاوەکو 30ی تەممووزی 2024 سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن و بەو جۆرەش دۆسیەی ئاوارەکان کۆتایی بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی راگەیێندراوی کۆتایی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا و رەنگدانەوەی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی کرا.
رۆژی 14-03-2024 هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتە (MIT) بۆ بەشداریکردن لە "لووتکەی ئاسایش" لە عێراق، سەردانی بەغدایان کرد.
لە راگەیێندراوی هاوبەش کە شەوی 14-03-2024 بڵاوکرایەوە، هاتبوو، لیژنەی هاوبەشی هەردوو وڵات کار دەکات لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و تورکیادا ئاماژە بەوە کرابوو، "تورکیا پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات کە پەکەکەی وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو لە عێراق ناساندووە."
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، یەکەم لووتکەی کۆبوونەوەی ئاسایش و وزەی تورکیا-عێراق لە ئەنقەرە کرا.