لە سەلاحەدین هێرش کرایە سەر گرووپێکى حەشدی شەعبی

رووداو دیجیتاڵ

 لە پارێزگا سەلاحەدین هێرش کرایە سەر خاڵێکى یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانى حەشدی شەعبی و بریندار هەن. 
 
 هێرشەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ى ئادار لە نزیک پردى ئەسمیدە لە قەزاى بێجى کراوە. سەرچاوەیەکی  بەرپرس لە سەلاحەدین بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هێرشەکە کراوەتە سەر کەتبیەکانى جوندی ئیمام کە یەکێکە لە گرووپەکانى حەشدی شەعبی.
 
 ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، بەهۆى ئەو هێرشەوە  چەند چەکدارێکى ئەو گرووپە کوژراون و براونەتە نەخۆشخانە.
 
دەستەى حەشدی شەعبی، لەراگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە سێ چەکدارى ئەو گرووپە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و دۆخى تەندروستى یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
 ئەو دەستەیە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانى ئەو هێرشە تۆمەتبار دەکات.
 
 قەزاى بێجى دەکەوێتە باکوورى پارێزگاى سەلاحەدین، لیواى شەشى دەستەى حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە باڵا دەستە کە بۆردوومان کراوە کە سەر بە کەتیبەکانى جوندى ئیمامە.