لە سەلاحەدین هێرش کرایە سەر حەشدی شەعبی و کوژراوێک هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سەلاحەدین، هێرش کرایە سەر بارەگای لیوای 31ـی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە چەکدارێکیان کوژرا و ژمارەیەکی دیکەیان بریندار بوون.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە پارێزگای سەلاحەدین هێرش کراوەتە سەر خاڵێکی لیوای 31ـی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە چەکدارێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.
بەگوێرەی ئەو دەستەیە، بەهۆی بەردەوامیی فڕینی فڕۆکە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا، گواستنەوەی بریندارەکان ئەستەم بووە، کە چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر تیمەکانی فریاگوزاری.
هێرشەکە لەنزیک فڕۆکەخانەی سینیە کراوەتە سەر ئەو لیوایەی حەشدی شەعبی کە لە سنووری قەزای بێجییە.
لیوای 31ـی سەر بە رەوتی ریسالیوونە، کە گرووپێکی ناو حەشدی شەعبییە.
ئەمە دووەم هێرش بوو لە یەک رۆژدا لە سنووری قەزای بێجی بکرێتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
بەیانیی ئەمڕۆ هێرشێک کرایە سەر کەتیبەکانی جوندی ئیمام، کە ئەویش یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە سێ چەکداریان بریندار بوون.