ئەمریکا ئەپاچی بۆ هێرشەکانی عێراق بەکاردەهێنێت؛ وردترن لە پێکان و هەرزانترن لە تێچوو

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا لە رێگەی هێلیکۆپتەری جۆری ئەپاچییەوە هێرش دەکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق. ئەو هێلیکۆپتەرە لە سنووری کەرکووک و نەینەوا چەند جارێک بۆردوومانی بنکەکانی بەشێک لەو گرووپانەی کردووە. 
 
بەرەبەیانی 19ی ئادار، هێرش کرایە سەر دوو لیوای حەشدی شەعبی لە پارێزگاى سەلاحەدین و بارەگایەکی دیکەی ئەو گرووپەش لە نەینەوا بۆردوومان کرا. دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبارکرد.
 
دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، چەند کاژێرێک دوای ئەو هێرشانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن رایگەیاند: "لە عێراق، هێلیکۆپتەرەکان لە جۆری ئەپاچی-64، هێرشیان کردە سەر گرووپە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە بنبڕکردنی هەر هەڕەشەیەک لە عێراقەوە بۆسەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا".
 
زۆربەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر حەشدی شەعبی، لە بابل، نەینەوا، بەغدا، ئەنبار، کەرکووک و دیالە بوون.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک لە هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و شاری موسڵ بە کۆپتەری ئەپاچی کراون. هەندێک لە هێرشەکانی دیکەش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بوون."
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، ئیمام عەلی، سەیدوشوهەدا، ئەنسارولمەرجەعیە و عەسائیبی ئەهلی حەق زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر، کە نزیکترینن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
 
11ی ئادار بارەگایەکی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە نەینەوا بۆردوومان کرا. ئەو کاتە کازم فەرتووسی، گوتەبێژی ئەو کەتیبەیە بە رووداوی گوت: "ئەمریکا بە فڕۆکەی ئەپاچی هێرشی کردووەتە سەرمان."
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە. گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق هێرشیان بۆ سەر ئەو شوێنانە دەستپێکرد کە پێیان وایە بەرژەوەندیی ئەمریکان، سوپای ئەو وڵاتەش بە بۆردوومانکردنی بارەگاکانیان وەڵامی دانەوە.
 
سەگڤان سندی، پسپۆڕی سەربازی و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەکارهێنانی کۆپتەری ئەپاچی لەو هێرشانەدا بەهۆی ئەوەیە کە وردترن لە پێکانی ئامانجەکانیان و دەتوانن زیاتر لە ئامانجەکانیان نزیک ببنەوە و باشتر لە سیستمی رادار خۆیان بشارنەوە، ئەوە جگە لەوەی بۆردوومان لە رێگەی ئەوانەوە بەراورد بە فڕۆکەی جەنگیی دیکە تێچووی کەمترە.