هادی عامری: 60 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، زیاتر لە 60 کەس کوژراون و 100 کەسی دیکە بریندار بوون.
پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، هادی عامری راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبارکرد و داوای لە پەرلەمان و حکومەت و وەزیری دەرەوەى عێراق کرد رێکار بگرنەبەر بۆ رێگری لەو هێرشانە.
هادی عامری رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە زیاتر لە 60 کەس کوژران و 100ی دیکە بریندار بوون.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە باشووری کوردستان و عێراق کرد و ئەمریکاش دەستی بە هێرشکردنە سەریان کرد.