گرووپی سەرایا ئەولیائودەم: هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لە سنووری سووریا بۆ دروستکردنی بۆشایی ئەمنییە


رووداو دیجیتاڵ

گرووپی سەرایا ئەولیائودەم کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لە هێڵی سنووری لەگەڵ سووریا، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بۆشایی ئەمنی و هەڕەشەى ئەوە دەکات کە  رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە بۆ زیادکردنی بارگرژییەکان.
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی سەرایا ئەولیائودەم، راگەیێنراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی سەر سنووری سووریا بڵاوکردەوە.
ئەبو مەهدی جەعفەری رایگەیاند، هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هێڵی سنووری لەگەڵ سووریا رووداوێکی پەراوێز نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی نەخشەبۆداڕێژراو بۆ دروستکردنی بۆشایی ئەمنی بە مەبەستی بەکارهێنانی پلانێکی فراوانتر.
گوتەبێژی سەربازیی گرووپی سەرایا ئەولیائودەم رایگەیاند، بۆ هەر بارگرژییەکی زیاتر، کاردانەوەیان دەبێت بۆ پاراستنی سەروەری و رێگری لە سەپاندنی دیفاکتۆیەکی نوێ لە رێگەی هێزەوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، چەند جارێک لیوا جیاوازەکانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لەسەر سنووری سووریا کرانە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری ئەو هێزە کوژران.
ئەبوو مەهدی جەعفەری رایگەیاند، هەر دەستدرێژییەک ناوچەکە دەخاتە بەردەم بژارەی کراوە و ئەنجامەکەی مەترسیدار دەبێت و دەڵێت: "ئەو سنوورەی ئەمڕۆ هەوڵی بێهێزکردنی دەدرێت، سبەی دەبێتە خاڵی دەستپێکی هێرشێک کە ناتوانرێت سنووردار بکرێت."
گرووپی سەرایا ئەولیائودەم یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ لە 20 رۆژی رابردووی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ژمارەیەک لەو هێرشانە رایگەیاند کە کرانە سەر هەرێمی کوردستان.